دواین هەواڵی کۆبونەوەی کرێکارانی ژینگە پارێزی کەمپی تەکییەی کامەند !

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١/٥/٢٠١٨ کرێکارانی ژینگە پاڕێزی کەمپی تەکییەی کاکەمەند لە کەمپەکەی خۆیان دەستیان دایە مانگرتن و نەچونەوە سەرکارەکانیان ، بەهۆکاری ئەوەی کە خاوەنکارەکەیان پێی ڕاگەیاندبون موچەی مانگانەیان کەمدەکاتەوە لە ٣٥٠هەزار دینارەوە بۆ ٣٠٠هەزار دینار. دوای ماوەیەکی کەم لە کۆبونەوەیان لەناو کەمپەکەی خۆیان سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسە ئەمنیەکانی ناحیەی تەکیە هاتنە لای کرێکارەکان و لەگەڵ بەڕێوەبەری کەمپەکەو کرێکارەکان سەبارەت بە کەمکردنەوەی موچەکانیان وتو وێژیانکرد، بەڵام سەرئەنجام بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە پێداگربوو لەسەر بریارێک کە لەسەرۆکی کومپانیاکەوە درابوو. کرێکارەکانیش پێداگر بون لەسەر ئەوەی کە بە کەمتر لە ٣٥٠ هەزار دینار کاریان بۆناکەن. دواتر بەرێوەبەری کەمپەکە ڕایگەیاند ئەوان ناچارن کە کرێکاری تر بهێنن. لەبەرامبەردا کرێکارانی مانگرتو لەکارکردن وتیان کە ئەمە شوێنکاری خۆمانەو رازی نابین هیچ کەسی تر بهێنە شۆینمان.

 

هەر لەچوارچێوەی ئەم دواین هەواڵانەدا کە بەدەستی ئێمە گەیشتووە ، یەکێك لەو کرێکارانە ماتۆرسکیلێکی کە بەقەرز کڕیبووی و لەبەردەم کەمپەکە ڕایگرتبوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا دەگیرێ ودەیخەنە ناو سەیارەکەیان. خاوەنەکەشی داوا دەکات کە بۆی ببگێڕنەوە، بەڵام پۆلیس رازی نابن و ئەوەش دەبێتە هۆی توڕەیی کرێکارەکان و دەنگەدەنگ دروست دەبێ لە نێوان پۆلیس و کرێکارەکاندا، پۆلیس و ئاسایش سوود لەوە وەردەگرن و پەلاماری کرێکارەکان دەدات و لێیان دەدەن و بە هێزی چەك بڵاوەیان پێدەکەن و ژمارەیەکیان راپێچی ناو ئوتومبێلەکان دەکەن.

 

بەهۆی ئەم مامەڵە دڕندانەیەی پۆلیس و ئاسایشەوە بەرامبەر بە کرێکارەکان ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی تەکیە کۆدەبنەوەو ناڕيزایەتی بەرامبەر بە هێرش بۆسەر کرێکارەکان دردەبڕن و پشتگیری خۆیان بۆ خواستی کرێکارەکان رادەگەیەنن .. تا نوسینی ئەم هەواڵە کۆبونەوەی ناڕەزایەتیەکە بەردەوامە.

 

دەستەی کار گێری ڕێکخراوی بیناسازی لەکوردستان وە تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەمان هاوپشتی خۆمان بۆ ئێوە کرێکارانی ژێنگە پارێزی کەمپی تەکیەی کاکە مەند دەردەبڕین.

داواش لە سەرجەم کرێکاران و رێکخراوە کرێکاری و مرۆڤدۆستەکانی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی لە خواست و مافە و خەباتی ئێوە بەشێوەی جۆراوجۆر نیشان بدەن.

 

دەستەی کارگێری رێکخراوی بیناسازی لە کوردستان