شەپۆڵی مانگرتنەکانی کوردستان بۆ موچە تا دێت پەڕە دەسێنێ!!

ئەمڕۆ ٤\١٠ \٢٠١٥ زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سەر بەپاڕێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مانگرتنیان بە خۆوە بینی، فەرمانبەرانی دادگا و سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان دەستیان لە کار کێشایەوە، فەرمانبەرانی دادی سلێمانی مانیان گرت و مامۆستایان ڕۆژئاوای سلێمانی خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و جادەی سالمیان داخست بە دەم وتنەوەی سرودی دەمی ڕاپەرینەوە، شارەوانی و مامۆستایانی هەڵبجە مانیان گرت، بەڕیوەبەرایەتی ڕۆشنبیری وهونەری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێێبخانەکانی چەمچەماڵ مانیان گرت، مانگرتنی مامۆستایانی ڕاپەڕین دەستی پێکرد. ئەمە سەرخەتی زۆرێک لەو مانگرتن و خۆپێشاندانانەیە کە لە کورستان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئاماژەیان پێ کراوە.

داواکاری سەرەکی ئەم مانگرتنانە دانی موچەی سێ مانگی ڕابردوە کە حکومەتی هەرێم لەژێر ناوی بونی قەیەرانی ئابوریەوە بە فەرمانبەران و کرێکارانی کوردستانی نەداوە. ئەم مانگرتنانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێکردوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوان تر دەبێتەوە و وا پێدەچی شکڵ و شێوەی تر بە خۆوە بگرێت، هەر لەم ئاستەدا نەمێنێتەوە، خۆپێشاندان و گرتنی سەرجادەکان  سەر بکێشی بە مانگرتنی سەراسەریدا.

کوردستان بە قەیەرانی ئابوری و سیاسی قوڵدا تێدەپەڕێ ئەوە سێ مانگە حکومەتی هەرێم موچەی فەرمانەرانی نەداوە و هەزاران کرێکار بێکار کراون دەیان و سەدان پرۆژە پەکیان کەوتوە و دەیان کارگە وکارخەنە لە کار کەوتون. هەژاری و بێکاری لە کوردستاندا بە قەد دەوڵەمندی بەرپرسە دەسەڵتدارەکان کە لە چاو تروکاندنێکدا سی ملیاردێر لە کوردستان هەڵتۆقین و بە هەمان شێوە هەر لەو ماوەیەدا هەژاری خەریکە دەگاتە ئەوپەڕی وچڵە پۆپەی خۆی و قڵشتی چینایەتی زۆر فراون بوەتەوە. هەزاران لاو کوردستانیان بەجێ هێشتوەو ڕێگای هات ونەهاتیان گرتوەتە بەر، تا ئێستا چەندان لاشەی بێگیانی لاوان گەڕێنراوەنەتەوە کوردستان. بەپیێ هەواڵەکان سەرۆکی حکومەت زۆر کەم دەوام دەکات و ئاڵۆزیەکانی ناو ڕێزی حکومەتی بنکە فراوان تا دێت زیاد دەکات و حکومەتی پێنج حزبەکەی کوردستان خەریەکە لەسەر کورسی دەسەڵات ئێسک وپروسکی یەکتر دەهاڕن.

ناسیونالیزمی کورد بەتەواوەتی بن بەست بووە تا دێت قەیرانەکانی ڕوو لە زیاد بوون دەکات، بە غەیری ئەوەی کە دەیانەوێ باجی قەیرانەکەیان خەڵک بیدات هیچ شتێ تر لە جوعبەکەیاندا نیە. ئەوان پێشانیان داوە کە هەڵبژاردن و " پەرلەمان" و "دیموکراتیەت" لە گاڵتەجاڕی وبەدەست هێنانی شەرعیەت زیاتر هیچ شتێکی تر نیە. کوردستان کە یەکێکە لە وڵاتە ژێر دەستەکانی سەرمایداری جیهانی پشتی بەستوە بە "کاری هەرزان و کرێکاری بێ دەنگ"  بۆیە بورژوازی ناتونێت دەوڵەتی خۆشگوزەران دابمەزرێنی و"عەدالەتی کۆمەڵایەتی"  لە چوارچیوەی دەسەڵاتی بورژوازی کوردیدا لە خەیاڵ پڵاوی زیاتر نیە، بەتایەبتی لەسەردەمی نەزمی نوێ جیهان و داسەپاندنی کۆمەڵگەی موزایکیدا تەنها بەشی خەڵک هەژاری و نەداری ىێ بەشی و کولەمەرگیە.

دەسپێکی مانگرتنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتای شەپۆڵی ناڕەزایەتیەکی زۆر فراوانە ئەگەرچی هێشتا دهۆک و هەولێری نەگرتوەتەوە، بەڵام واپی دەچێ ئەم شەپۆڵە زۆر فراوانتر بێتەوە سەرتاپای کوردستان دابگرێ و لە ٩٩% خەڵکی کوردستان بگرێتەوە، نەک تەنها بەڕووی نەدانی موچە دا بەڵکو بەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵی کوردیدا هەڵ بشاخێ.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپێ عیراق بە تەواوی توانایەوە پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان و دواکاریەکانیان دەکات، خەلكی بانگەواز دەکات بۆ یەکگرتن و ڕێکخراو بوون و گۆڕینی ناڕەزایتیەکانیان بۆ مانگرتنێکی سەرتاسەری، ئەوەی کە بۆرجوازی ئەتوانی سێ مانگ موچە نەدات گاڵتە بە چارەنوسی خەڵک بکات هۆیەکەی نەبوونی ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەریە فروانەکانە، بۆیە هەر ئێستا هەنگاو بەهەنگاو پێویست دەکات کۆبونەوەی گشتی ببەسترێت ونوێنەران هەڵبژێررین، هێزی خەڵک لە رێکخروبوون و یەکگرتنی دایە.

سەرکەوتو بێت مانگرتنی کریکاران فەرانبەرانی کوردستان

ڕسوایی بۆ دەسەڵاتی خۆمالی کوردی

بژی سۆشیالیزم

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

٤\١٠\٢٠١٥