حیجاب، عەلمانییەت و کۆمەڵگای مەدەنی

 

 

وەڕگێڕانی  لە فارسییەوە بۆ کوردی بەکر ئەحمەد

وەرگێڕدراو لە گۆڤاری ئازادی ژن ژ: 48 و 49

 

لە پاش باس و جەدەلەکانی پەرلەمانی فەڕەنسی لە پەیوەند بە قەدەغەکردنی جلوبەرگ و سیمبوڵە ئایینییەکانەوە لە قوتابخانە و ئیداراتی دەوڵەتیدا،  پیاوێکی جوو دەڵێت:"ئەگەر ئینسان ناچار بکرێت وەک فەرد جوو بێت و لە گشتیشدا فەڕەنسی بێت، کۆتاییەکەی بە شیزۆفرینیا تەواو دەبێت"
ژنێکی موسوڵمانیش:" ئەگەر بە تەنها لە ماڵەوە موسوڵمان بم و لە شەقامیشدا فەڕەنسی بم، بەم شێوەیە دەمخنکێنن"

ئەم وتارەی بەردەستتان، ڕێک لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە ئەم ئاخاوتنانە کۆتاییان دێت.
"ئایین کاری تایبەتی ئینسانەکانە"، لە کوێی ئەم دەربڕینانەدا ڕادەوەستێت، پەیوەندییەکانی نێوان تایبەت و گشت چۆن دەپارێزرێت؟ چەند ئەم خۆپیشاندانەی ئایین لە شوێنی کار و قوتابخانەدا، لە ڕێگای حیجاب و کڵاوی جووەکان و سیمبوڵەکانی دیکەی مەسیحییەوە، لەگەڵ بنەماکانی عەلمانییەتدا دێنەوە؟
ئەگەرچی تەوەری سەرەکی ئەم ئاخاوتنەی گۆڤاری "ئازادی ژن" لەگەڵ حەمیدی تەقوایدا لە حیجابەوە دەستپێدەکات، بەڵام کرۆکی باسەکە عەلمانییەت و کۆمەڵگای مەدەنی و گەلێک پرسیاری گرنگی ترن.

           تێبینییەکی کورت کە دەبێ ئاماژەی پێبکەم، لەبەینی کەوانە دانانی چەمکی "هاوڵاتییە" کە لە زمانی فارسیدا بە "شەهرەوەند" وەرگێڕدراوە. چەمکێک کە نزیکایەتییەکی گەورەتری لەگەڵ وشە ئینگلیزییەکەی Citizin  دا هەیە. بەبڕوای من، چەمکی "هاوڵاتی" لە باری زمانەوانییەوە ئەو ناوەڕۆکە ناگەێنێت کە وشەی "سیتیزن"ی ئینگلیزی گێرەرەوەیەتی. ئەو جیهانبینییەی کە چەمکی هاوڵاتی لەسەر هەڵچنراوە، ئەتنییەت و ئینتیما بۆ ئەتنییەت دایڕشتووە. لەکاتێکدا، چەمکی  "هاولاتیبوون"  بە ناوەڕۆکە ئینگلیزیی و زمانەکانی دیکەی ئەوروپی، ئاماژە بە ئەندامانی مافیەکسانی کۆمەڵگا دەکات ئەگەر چی ئەو ئەندامانە ئینتیمای هەمان وڵاتییان نەبێت. ڕەنگە گەورەترین پاکتاوکردنی نەژادی  لە عێراقی هەشتا و کۆتایی حەفتاکاندا، ناوەڕۆکە پراکتیکییەکەی چەمکی هاوڵاتیمان بە ڕۆشنی بۆ ڕوونکاتەوە. کاتێک هەزاران لە خەڵکی عێراق بە کورد و عەرەبەوە لەژێر پەرچەمی "تەبەعییەی ئێرانی"دا، دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێران، کاتێک ملیۆنەها کرێکاری میسری کە ماشێنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای عێراقیان لەسەر شان بوو و بە بێ هیچ مافێکی "هاولاتیبوون" ڕەوانەکرانەوە، ئەمانە هەمووی ئاماژەکانی ئەو چەمکەن کە لە ژێر ناوەڕۆک و تەفسیرە ناسیۆنالیستییەکەی ئەودا نەدەتوانرا وەک "هاوڵاتیانی" مافیەکسانی کۆمەڵگا قبوڵبکرێن. ڕەنگە کەسانێک بڵێن کە ئیشکالیەتەکە لە گەڵ مانا زمانەوانییەکەی "هاوڵاتی"دا نەبێت، بەڵام بەوەی ئەم دەربڕینە لە زمانی عەرەبی و کوردیدا لە زەمەنی باڵادەستی گوتاری ناسیۆنالیزمدا داڕێژراوە، وە ئەو تەفسیرانەیشی کە ئەوسا و ئێستاش لەم دەربڕینە دەکرێت، هەمان گوتاری ناسیۆنالیستی لە پشتییەوە ئامادەیی هەیە، ناکرێت وەک چەمکی سیتیزنی ئینگلیزی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تا  ساغبوونەوەی خۆم و کەسانی دی کە لەم گۆشە نیگایەوە بۆ وشەی "هاوڵاتی" دەڕوانن و دۆزینەوەی چەمکێک بۆ وشەی "هاوڵاتی"، من بەبەکارهێنانی لە نێوان دوو کەوانەدا کەڵکی لێوەردەگرم.

ئازادی ژن: جاک شیراک دەڵێ، بە مەبەستی یەکێتی نەتەوەیی فەرەنسا و بنەمای عەلمانی یاساکانی فەڕەنسا، خوازیاری قەدەغەکردنی حیجاب و تەواوی سیمبوڵە ئایینییەکانی ترن لە قوتابخانەو  شوێنی کاردا، ئایا ئێوە لەگەڵ ئەمجۆرە قەدەغەکردنەدان وە بۆچی؟

حەمیدی تەقوایی: بەڵێ من بە تەواوەتی لەگەڵیدام. بەڵام نەک بە و هۆکارانەوەی کە ئاغای شیراک باسیان لێوەدەکات. من نازانم کرێکارێکی فەڕەنسی چەند لەگەڵ ئاغای شیراک و نموونەکانی دیکەی وەک ئەودا هەست بەم یەکێتەیە دەکات. باس لەسەر یەکێتی میللی و لەم چەشنە "قۆڕییاتە" ناسیۆنالیستییانە نییە کە دەوڵەتەکان لە هەر فرسەتێکدا دەیانەوێ خەڵکی پێ بەنج کەن و کەڵکی لێوەربگرن. خودی عەلمانی بوون، مەسەلەکە زیاتر ڕۆشندەکاتەوە. بەڵام بە بۆچوونی من، هێشتا عەلمانی بوونی قانوونەکان، بەیانێکی پڕ و گشتیگیری مەسەلەکە نادات بە دەستەوە.  ئەگەر ئەمڕۆ شۆڕشگێڕانی گەورەی فەڕەنسا لەبەرانبەر حیجابدا سەرنجی خۆیان بدایە، دەگەڕانەوە بۆ  بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی "هاوڵاتی"بوون و منیش هەر بە هۆی ئەوانەوەیە کە خوازیاری قەدەغەکردنی حیجاب و سیمبوڵە ئایینییەکانی دیکەم. باسی من لەوێوە دەستپێدەکات کە "هاوڵاتییان" لە باری قانوونییەوە یەکسانن و هەر لەم ڕووەشەوە نابێ شوناسی میللی و مەزهەبی و گروپیی و "کاست"ی و چینایەتییان، لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەدا کە لە نێوان یەکدا  بەرقەراریدەکەن، پێوەر و بڕیاردەر بێت. حیجاب هەروەک هەر چەشنە جلوبەرگێک، خۆدەرخستنێک یان سیمبوڵی ڕوو لەدەری ئاشکرای ئایین یان قەومیگەرایی کە دەبێتە هۆی بەرجەستەکردنەوە و نمایشکردنی شوناسێکی تایبەت لەسەر و شوناسی هاوڵاتیبوونی تاکەکانی کۆمەڵگاوە، وە بە هۆی فەرزکردنی ئەم شوناسە تایبەتییەوە لەسەر و ئەسڵی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی تاکەکانەوە لە دژایەتیدایە و دەبێ قەدەغە بکرێت. بە واتایەکی تر، من چۆن دژی ناوبردن و دەستنیشانکردنی ئایینی تاکەکانم لە ئەوراق و شوناسنامەکانیاندا، بە هەمان شێوەش دژی حیجابم.

ئازادی ژن: هەستدەکرێت باسی ئێوە واوەتر لە باسی عەلمانییەت و لائیک یان تەنانەت جیایی دین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە دەچێت. ئایا ئەمجۆرە مامەڵەکردن ، بە تایبەت لە پەیوەند بەم پرسیارەوە حیجاب، کە ئاکامی پەلاماری ئیسلامی سیاسییە، نووکی ڕەخنەکەتان لە ئایین کولتر ناکاتەوە، ئایا ئەم ڕەخنەیە زیاتر گشتیگیرانە نایەتە پێش چاو؟

حەمیدی تەقوایی:ڕاستە باسی من لە عەلمانیەت و لائیک واوەتر  دەچێت، بەڵام ئەمە بە مانای کولبوونی ڕەخنە نییە لە هێرشەکانی ئێمەدا بۆ سەر ئیسلامی سیاسی، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕەخنەیەکی قوڵتر و پایەیترە لە خۆتێهەڵقورتاندنەکانی ئایین، نەک هەر لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردندا، بەڵکو لە تەواوی لایەن و پەیوەندییە  کۆمەڵایەتییەکاندا. بە بڕوای من، قوڵترین ڕەخنەیەک لە ئایین، دەسپێکردنە لە شوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکانەوە.  ئەمە بنەمای کاری ئێمە پێکدەهێنێت نەک تەنها لە بەرانبەر ئاییندا، بەڵکو لە پەیوەند بە ڕەخنەگرتن لە ناسیونالیزم و ڕاسیزم و قەومیگەرایشدا. بەڵام لە ئێستادا باسەکەی ئێمە لە دەوری حیجاب چەقیبەستووە. لە ڕوانگەی عەلمانییەت و جیایی دین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردەوە، دەکرێ تا ئاستی قەدەغەکردنی حیجابی کچانی لە خوار تەمەنی قانونییەوە لە ئیدارات و قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا بڕۆین. بەڵام لە ڕووبەرێکی گەورەتری کۆمەڵگادا، حیجاب و ڕوخسارەکانی تری ئایین و سیمبوڵەکانی، بە دەستلێنەدراوی و ڕێپێهێڵراو دەمینێتەوە. بۆ نموونە لە تەواوی دامودەسگا تایبەتییەکاندا، لە کارخانە و شوینەکانی بەرهەمهێناندا، لە هەموو سازمان و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەدا کە پەیوەندی  کارکردن نین و دەستگای فێرکردن و پەروەردەش  نین. بە پشتبەستنی ڕووت بە عەلمانییەت، حیجاب و جلوبەرگ و سیمبوڵە ئاشکراکانی دیکەی ئایینی لە فراوانترین ڕووبەری کۆمەڵگادا کۆنەکراونەتەوە. لە کاتێکدا لە تەواوی ئەو پەیوەندییانەدا کە لەسەرەوە باسکران، ئەم دیاردانە بە هەمان ئەندازە بۆ خودی ژن و کۆمەڵگا تێکدەر و زەرەرەمەندن. ئەگەر بۆ نموونە حیجاب لە قوتابخانە یان ئیداراتێکی دەوڵەتیدا، لە گەڵ  بنەماکانی عەلمانییەتدا دژایەتی هەیە، ئاژیتاسیۆنکردنە بۆ ئاینێکی دیاریکراو، ژن لە پلەیەکی خوارەوەدا جێدەخات و جیاوازی لە نێوان ئینسانەکاندا دروستدەکات، ئەوە لە شوێنەکانی دیکەی کۆمەڵگادا هەر هەمان شتە. عەلمانییەت تانوانێت پێ بنێتە ئەم مەیدانانە و بۆیەش لە باری پراکتیکەوە کەم دەهێنێت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت، ئەمە تەنها هەڵوێستوواندنە لەبەرانبەر ئاییندا.  قەومیگەرایی و ناسیۆنالیزم و ڕاسیزم و شوناسە دژی ئینسانییەکانی دیکەی باوی ناو کۆمەڵگا، هەموویان لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری عەلمانییەتدان. وەڵام ئەوەیە کە دەبێ لە شوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکانەوە دەسپێبکرێت  تا بتوانرێت کە لە هەمان ئاستی یاساییەوە تەواوی ئایین و ناسیۆنالیزم و قەومیگەرایی و شوناسە دژی ئینسانییەکانی دیکە لە کۆمەڵگادا گسک بدرێن.

ئازادی ژن: مەبەستتان ئەوەیە کە ئەم گۆشەیەی ڕەخنەی ئێوە دەست بۆ ڕیشەکانی پرسیار دەبات، بۆچی؟

حەمید تەقوایی: مارکس دەڵێ: لە پەیوەند بە ئینسانەوە، ڕەگ تەنها خودی ئینسانە. ئەگەر دەخوازی پرسیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕەگەوە چارەسەر بکەیت، دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ ئینسان و ئینسانییەت بکرێتەوە بە تەوەر. بە بڕوای من ، شوناسی کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، ڕاستەوخۆ لەسەر ئینسانی بوونی ئەوانەوە ڕاوەستاوە. لە بنەمادا ئینسان ئینسانە چوون بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. ئینسانی بوونی ئینسان، بە بێ کۆمەڵایەتی بوونی ئەو و ڕۆڵێک کە ئەو لە کۆمەڵگادا لە بوونی ئینسانەکاندا هەیەتی، لە باری مێژووییەوە بۆ نەسڵی بەشەر و لە ژیانی هەر تاک و ئەندامی کۆمەڵگایەکدا، لە هەر بڕگەیەکی مێژوویدا، قابیلی باوەڕپێکرن نییە. تەواوی شوناسەکانی تر کە لە مێژووی درێژی کۆمەڵگای چینایەتیدا بە ئینسانەکانەوە لکێنراون، بۆ نموونە شوناسی ئایینی و ناسیۆنالیستی و قەومی و تەنانەت خودی شوناسی چینایەتیش، هەر هەموویان سەرچاوەکەیان لە لەخۆنامۆبوونی ئینسانەوە سەرچاوەی گرتووە لە شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی خۆیان. ناتوانایی ئینسانەکان بۆ ناسینەوەی شوێن پێ نابەرابەرەکانیان و  ئەو دەردی سەریی و بێمافییانەی کە لە بوونی چیینەکان و چینایەتی بوونی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە،  جۆرێک لە دڵنەواییدانەوە و ئاماژەکردنە بەم شوێن پێ چینایەتییە نابەرابەر و نا ئینسانییانە. ئایین و قەومیگەرایی و ناسیۆنالیزم لە کۆتایی خۆیدا و لە قوڵترین ئاستەکانیدا، بەرهەمی لە خۆنامۆبوونی ئینسانەکانی کۆمەڵگای چینایەتین. لەم ڕووەوە، ڕەخنەی ڕادیکاڵانە لە ئایین و قەومگەرایی و ناسیۆنالیزم، دەبێ لەم لەخۆنامۆبوونەی ئینسانەوە دەسستپێبکات و بوونی ئینسانی و کۆمەڵایەتییانەی ئینسانەکان لە بەرانبەر ئەو هەموو ئەو جۆرە دابەشکردنانەی کە وەک لەمپەرەکانی کۆمەڵگای چینایەتی دەرکەوتوون، بکاتە پێوە ر و لە خۆیدا بەرجەستەی بکاتەوە. ئەم سیستەمە نەک هەر لەبەرانبەر ڕەخنەگرتن لە ئیسلامی سیاسیدا، بەڵکو لە ڕەخنەگرتن لە ئایین وەک سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی و فیکری و تەنانەت وەک ئەرکێکی تایبەتی ئینسانەکانیش، دەبێ خاڵی دەسپێکردنی ئێمە و گەڕانەوەمان بێت بۆی، واتا بۆ شوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان .

ئازادی ژن: بەڵام هێرشێک کە لە خۆرئاوادا دەستی پێکردووە بۆ بە ڕەسمی ناسینی حیجاب، ڕاستەوخۆ دەرئەنجامی ئیسلامی سیاسییە، ئایا لەم پرسیارەدا، کەمو کوڕییەک لە عەلمانییەتدا هەیە؟

حەمیدی تەقوایی: بەڵی َ وایە. عەلمانییەت لە ئاستی قانوونیدا، ڕەخنەیەکی ڕوکەشییانە و ناتەواوە  لە ئیسلامی سیاسی. من دەپرسم، خودی ئیسلامی سیاسی بەرئەنجامی چییە؟ نەتیجەی بەرەو دواوە کشانەوەی سیاسی فەرهەنگی خۆرئاوایە لە بەرانبەر مەترسی چەپ و سۆسیالیزمدا. ئەنجامی سیاسەتی دەرەوەی سەرمایەداری خۆرئاوایە لە دەیەی هەشتاکاندا لە بەرابەرکێیدا لەگەڵ بلۆکی شۆرەویدا و لە نەوەدەکانیشدا ئەنجامی کۆششی دەسەڵات بەسەر جیهانی دوای شەڕی سارددایە. لە بارێکی تایبەتیتردا، بەرئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆرئاوایە لەبەرانبەر شۆڕشی 1979ی ئێران و بەرهەڵستیکاریە لەبەرانبەر کاریگەری شورەوییدا لە ئەڤغانستاندا. لە ئاستێکی فەرهەنگیشدا، بەرئەنجامی تێزە بۆگەنەکانی نسبییەتی فەرهەنگی و پۆست مۆدێرنیتە و گەڕانەوەیە بۆ ئایین لە دەروونی کۆمەڵگای خۆرئاوادا. بەرئەنجامی بەرابەرکێی کۆنەپەرەستی جیهانییە لەبەرانبەر سۆشیالیزم و جەوهەرە ئینسانییەکەی ئەودا. بەرئەنجامی پاشەکشێکردنی بۆرجوازی خۆیەتی لە ئایدیا ڕادیکاڵ و پێشکەوتووخوازەکانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا. بە خەیالمدا نایەت کەسێک پێیوابێ بە بێ کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبانەکان، بەبێ نسیبییەتی فەرهەنگی و پۆست مۆدێرنێتە، حیجاب ببوایەتە پرسیارێک بۆ کەسانێک کە لە دوورترین دێهاتەکانی ئەوروپادا ژیان بەسەر دەبەن. دروستە کە دەبێ بچینە جەنگی ئیسلامی سیاسییەوە، بەڵام ئەم جەنگە لە بنەما و جەوهەری خۆیدا، جەنگە لە نێوانی سۆشیالیزم و سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکدا. ئەمە یەکێک لە مەیدانەکانی نەبەردی گرنگی ئێمەی سۆشیالیستە. هەر وەک چۆن لە بەرانبەر جەنگی تێرۆریزمی ئیسلامی و تێرۆریزمی دەوڵەتی خۆرئاوای دوای یانزەی سێپتێمبەرەوە، ئێمە پەرچەمی دنیای شارستانیمان هەڵکرد، ئەمڕۆش دەبێ لە بەرانبەر حیجابدا، بە نوێنەرایەتی بەرەی سێیەم، بەرەی خەڵکی موتەمەدینی دونیا، هەر هەمان پەرچەم هەڵکەینەوە. وەڵامی ئێمە لە کۆتاییدا، سۆشیالیزمە، بەڵام وەک چۆن لە بوار و بەرەکانی دیکەدا و لە ئێستایشدا لە پەیوەند بەم پرسیارە تایبەتییەوە و لە دڵی هەر هەمان ئەم کۆمەڵگایانەدا، وەڵامی پێویستی خۆمان هەیە. عەلمانییەت و لائیک بوون، بەشێکی کەمی ئەم وەڵامانەن. بەڵام وەک چۆن لە پێشەوە ئاماژەم پێکرد، عەلمانییەت تەواوی پرسیارەکە تەنانەت لە ئاستی قانوونیشیدا شیکار ناکات. بە بڕوای من لە پەیوەند بە حیجابەوە، جیهانی شارستانی لەسەر بنەمای شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانییانەی ئینسان، نوێنەرایەتی دەکرێت. ئێمە دەبێت لە بەرانبەر بۆرژوازی بۆگەن و ئیسلامی سیاسیی دەسکردی ئەودا، شوناسی کۆمەڵایەتی "هاوڵاتییان"، بخەینە دەستووری کارمانەوە. ئەمە وەڵامی قانوونی و پراکتیکیمانە لە هەمان کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا ، نەک هەر لەبەرانبەر ئیسلامی سیاسیدا، بەڵکو لە بەرانبەر قەومیگەرایی و ناسیۆنالیزم و ڕاسیزمی بۆگەنی سەر دەرهاتووی دنیای دوای شەڕی ساردیشدا.

ئازادی ژن: مەبەستتان ئەوەیە کە لە دنیای هاوچەرخی ئەمڕۆدا، عەلمانییەت لەوە باریکترە کە بتوانێ لە بەرانبەر پەلاماری سیاسی ئاییندا، تەنانەت دیفاع لە دەستکەوتەکانی خۆیشی بکات؟ پەرچەمی دیفاعکردنی ئێوە لەم دەستکەوتانە کامەیە؟

حەمیدی تەقوایی: عەلمانییەت لە خۆیدا کارێکی پێشکەوتووخوازانەیە و  دەبێ خوازیاری بەدیهاتنی بین لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا، بەڵام پرسیارەکە لە تایبەتمەندێتی ئەمڕۆیدا ئەوەیە کە ئیدی ڕەخنەی عەلمانییانە لە ئایین کافی نییە. ڕیمپێبدەن کەمێک لەم پرسیارە وردتر بینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ لەپاش  شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا و حسابیەکلایکردنەوەی بیرمەندانی ئاتەئیستی چەرخی ڕۆشنگەری لەگەڵ خوادا، ئایین هەر ئامادەیی هەیە، بە هۆی ئەوەوەیە کە بۆرژوازی پێویستی پێیەتی. ئایین لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا، هەموو ڕۆژێک دووبارە بەرهەمدەهێنرێتەوە. بوونی ئایین لە مڕۆدا، بە هۆی پێویستی ئەمڕۆی بۆرژوازییەوەیە بە ئایین. پیویست بوون بە پاپا و ڤاتیکان و ئیسلامی سیاسی لە چەرخی ئەمڕۆماندا، هەر هەمان ئەو پێداویستییانە نین کە لە سەردەمی فیوداڵیدا هەبوون. ئەو کاتە بۆرژوازی پێویستی بە کۆیلەداری نەبوو و بۆیەش ڕیشەکێشی کرد. هەم لە ئاستی فیکری و تیۆری و هەم لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا.  ئەم کارە لە مڕۆشدا دەکرێ لە بەرانبەر ئایییندا ئەنجامبدرێت. بەڵام ناکرێ چینەکانت قبوڵ بێت و ئاینیش بخەیتە کەنارەوە. بۆرژوازی نە دەیەوێت و نە خوازیاری ئەوەیە کە لە جیایی دین لە دەوڵەت بەولاوە، زیاتر بڕوات. هەر وەک چۆن لە مەیدانی ئازادیشدا، ناتوانێت لە دیموکراسییەتی پارلەمانی تێیپەڕێنێت. ئێوە دەربارەی پەلاماری ئایین دەدوێن و منیش وەک چۆن لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، زەمینەساز و هۆکاری سەرەکی  ئەم پەلامارەی ئایین، لە خودی بۆرژوازی خۆرئاوادا دەبینم.  پێشڕەوانی شۆڕشی بۆرژوازی لە ڕەخنەگرتنی کۆمەڵگا فیوداڵییەکانی سەردەمی خۆیاندا، تا کردنەدەرەوەی خودا لە ناو سنوورەکانی  فەلسەفە و زانست و دەوڵەت و فێرکردن و پەروەردە، بەرەو پێشەوە دەچوون.  بەڵام لەبەرانبەر ڕەخنەی سۆشیالیستیدا، لەبەرانبەر بیرمەندانی شۆڕشگێڕی  چینی کرێکاردا، ناچار بوون کە جارێکی تر خوا بئاخننەوە یەک بە یەکی ئەو مەیدانانەی کە پێشتر خودای تیا فڕێدرابوەە دەر. هەڵسانەوە و کەڵەگایی ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی، لە کۆتایدا بەر ئەنجامی ئەم پاشەو پاش گەڕانەوەی بۆرژوازییە. پرسیارەکە ئەوە نییە کە لە مڕۆدا عەلمانییەت لە ڕەخنەگرتنی ڕیشەییانەی ئاییندا کورت دێنێ، پرسیار ئەوەیە کە ئەمڕۆ بۆرژوازی هەم لە ئاستی فیکری و ئایدیۆلۆژی و فەلسەفە سیاسییەکەیدا،  هەم لە ئاستی پراکتیکی سیاسیدا، دەستی لە عەلمانییەت شتووە. ڕەخنەی بیرمەندانی شۆڕگێڕی بۆرژوازی  لە ئایین و ئایدیای کۆمەڵگایەکی بێبەری لە ئایین، وەکو ئایدیاکانی ئازادی و یەکسانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسەدا، هەم خۆشباوەڕی و هەم ناکۆکییەکە. ئەم ناکۆکییە دەکرێ بە دوو جۆر چارەسەر بکرێت. ڕێگای هەڵبژێردراوی بۆرژوازی بۆ خۆقوتارکردن لەو ناکۆکییە، ئەوەیە کە ئێمە لە مێژووی کۆمەڵگای هاوچەرخی ئەمڕۆدا شایەتی بووین. بۆرژوازی تازە دەسەڵات بەدەستەوە گرتوو، هەر لە سەرەتاوە، لە خۆشباوەڕییەکانی شۆڕگێڕانی پێشووی خۆی، مەسافەی گرت و زیاتر" دنیابینتر و واقعبینتر" بوو. بۆیەش دووبارە جێگایەکی بۆ ئایین لە سیاسەت و کۆمەڵگادا کردەوە. ئەم ڕێگا چارە بۆرژوازییە، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە نێوان راوەستانەوە لە بەرانبەر ئایین و پاراستی کۆمەڵگای چینایەتیدا بوو. لە بەرانبەریشدا، چینی کرێکاری سۆشیالیست، بە کەڵکوەرگرتن لە ئایدیا شۆڕشگێڕییەکانی ئاتەئیستەکانی چەرخی ڕۆشنگەری، خوازیاری چارەسەرکردنی ئەم پرسیارە بوو. ئەمیش بە مانای نەفیکردنەوە و تووڕهەڵدانی ئەو زەمینانەی کە بنەما و بوونی ئایینی لەسەر ڕاگیراوە کە   چەوساندنەوە و دابەشکردنی چینایەتی کۆمەڵگایە. ئەمەش بە مانایەکی تر، یانی ڕاوەستانەوە لە بەرانبەر پاشەکشێی بۆرژوازی لە ئایدیا شۆڕشگێڕییە سەرەتاییەکانی خۆیی و گرنگتریش لەوە، تێپەڕاندن لە خودی ئەو ئایدیایانەیە. بۆیەش ئیسلامی سیاسی، بە عەلمانییەت و لائیک بوون ناخرێتە کەنارەوە. دەبێ تەواوی سیستەمی سەرمایەداری کە پێویستی بە ئیسلامی سیاسی هەیە، هەڵتەکێنرێت. پەرچەمی ئێمە لە بەرانبەر ئایین و نەبەردەکانی دیکەی وەک ڕزگاری ژنان و ئازادی و بەرابەریدا، سۆشیالیزمە. هاوکاتیش، بە مەبەستی تاکە مللیمەترێک نزیکبوونەوەی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ لە  کۆمەڵگایەکی عەلمانی و کردنەدەرەوەی ئایین لە هەر گۆشە و کەنارێکی کۆمەڵگادا، بە تەواوی هێزمانەوە دەجەنگین. عەلمانییەت بە هۆی گرنگی خواستەکانییەوە، تەنها بەیانکردنی لانی کەمی خواستەکانی خەڵکییە. بە بڕوای من، بە پشتئەستووری بە شوناسی کۆمەڵایەتییانەی ئینسانەکان لە هەردوو ئاستدا، لە خەباتی ستراتیژییانەی ئێمەدا بۆ سۆشیالیزم و کردنەدەرەوەی ئایین لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا، هەر دوو چەکێکی گەورە و کارسازن.ئەمە دەتوانێت بناغەی فەلسەفەی یاسایی ئێمە بێت لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا و هەمیش دەکرێ هەنگاوێک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی ئێمە.  سۆشیالیزم، سنووری کۆتایی و کامڵی  گەڕانەوەی ئینسانەکانە بۆ شوناسی کۆمەڵایەتی خۆیان.

ئازادی ژن: ئێوە جەخت لەسەر شوناسی کۆمەڵایەتی "هاوڵاتییان" دەکەنەوە، دەکرێ بە تایبەتی پێمان بڵێیت، مەبەستتان لە چییە؟ بۆچی ڕەخنەیەکی بەرینترە لە عەلمانییەت، دەکرێ ڕۆشنکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر ئەمە بکرێت؟

حەمید تەقوایی: باسی من لە تایبەتمەندێتی خۆیدا ئەمەیە: ئێمە دەبێ لە ئاستی قانوونی و لە گۆشەنیگای فەلسەفەی مافەکانی "هاوڵاتییان"ی کۆمەڵگای ئێستادا، شوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان وەک بنەمایەک لەبەر چاوماندا دابنێین. بە بڕوای من، ئینسانەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەبێ وەک هاوڵاتییانێکی مافیەکسانی کۆمەڵگا، نەک وەک تاکێکی سەر بە ئایین، گروپ، میللەت،  قەوم، قەبیلە، کاست و هەر دابەشکردنێکی دیکەی چینایەتی تایبەت دەربکەون. ئەمە پایەی چەمکی "هاوڵاتی" بوونە. لە کۆمەڵگا نا مەدەنییەکاندا، بۆ نموونە لە کۆمەڵگاکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا، تاکەکان بەسەر ئەشراف و ڕەعییەتدا دابەشدەبوون و  دواتریش سەدەها تیپی ئاینی و عەشیرەیی و قەبیلەیی و  توێژی دیکەی کۆمەڵایەتی لێدەبووە وە کە هەر یەکە ماف و جێگاوشوێنی تایبەتی لە کۆمەڵگادا هەبوو. ئەشرافەکان، ڕۆحانییەکان، سەنعەتگەران، پیشەوەران، جەنگاوەران و لە دەرووونی ئەم دابەشکارییانەشدا، گروپی جۆراوجۆری ئایینی و قەومی و هەر یەکەیان لە مافی خۆی و بێمافییەکانی خۆیان بەهرەمەند بوون. ئەم جێگاوشوێنە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرانەش لە ڕووکەشی تاکەکاندا، لە جلوبەرگ و ئارایشت و ڕەفتاری ئینسانەکانیشدا خۆی نیشاندەدایەوە. ئەمە ببووە ئەرکێکی ئیجباری، نەک لە باری قانوونییەوە، چونکە قانون لەم کۆمەڵگایانەی پێش بۆرژوازیدا هێندە کارکردی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو ببووە ئیجبارێکی ترادیسیۆنی و ئاینی و کاستی. کەسێک نەیدەتوانی جلوبەرگ و ئارایش و شوێنی ژیانی خۆیی و ڕەفتار و سلوکێک هەڵببژێرێت بە جیا لەوەی شوێن پێی چینایەتی و ئایینی و قەومییەکەی ئەو کە بۆی دیاریکردبوو. لەو سەردەمەدا، چەمکی "هاوڵاتی" بووون و ئەندامی کۆمەڵگا بوون، بوونی نەبوو. سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا ، بووە ڕاسانی ڕەخنەگرتنی تیۆری و پراکتیکی ئەم جیهانە کۆنە و کۆمەڵگا مەدەنییەکانی لە شوێنیدا بنیاتنا.

یەکێ لە بناغەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بەرابەری قانوونی تاکەکان و جێپێگرتنەوەی شوناسی کۆمەڵایەتی ئەوان بووە لەبری شوناسی ئایینی و قەومی و چینایەتی و سێکتییەک کە لە کۆمەڵگای فیوداڵیدا بوونی هەبوو. لەمڕۆشدا بۆرژوازی، وەک لە پێشتریشەوە ئاماژەم پێدا، لە بەرانبەر بە مەترسی سووردا، دەستی لە ئایدیا ڕادیکاڵەکانی چەرخی ڕۆشنگەری شتووە و خۆشی دووبارە فەراهامکەر و زەمینەسازی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی کۆمەڵگاکانە لە سەر بنەماکانی ئایین و قەومیگەرایی و راسیسم و ناسیونالیزمدا. ئەمڕۆ ئێمەی سۆشیالیست دەبێ ئەو پەرچەمە بڵند بکەینەوە. هەروەکو چۆن لە تەواوی بوارەکانی ئازادی سیاسی و مافەکانی ژنان و دەیەها شتی تردا ئەو کارەمان کردووە.  وەختێک ئێوە شوناسی کۆمەڵایەتییانەی ئینسانەکان وەک بنەمایەکی پایەیی لە بەرچاوی خۆتاندا دادەنێن، ئەو کاتە ڕۆشنتر دەبێتەوە کە بۆچی دەبێ حیجاب نەک تەنها لە ئیدارات و قوتابخانەکاندا کۆبکرێتەوە، بەڵکو لە هەر نیهاد و دامەزراوەیەکدا کە ئینسانەکان دەچنە ناو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە، دەبێ لەوێشدا کۆبکرێتەوە. کاتێک فەلسەفەی قانونی ئێوە، جەخت لەسەر شوناسی کۆمەڵایەتییانەی ئینسانەکان دەکات، ئەو کاتە ڕۆشنتر دەبێتەوە کە بۆچی حیجاب و هەر چەشنە ئارایش و خۆنیشاندانی ئایینی و گروپی و قەومی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەبێ قەدەغەبکرێت. شوناسە نامەدەنییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی دەشێوێنێت. ئەگەر لە پۆلێکی قوتابخانەدا قوتابیان و مامۆستا ڕووی دەرەوەی خۆیان نیشان بدەن کە گوایا سەرب یاخود کرواتن، موسوڵمان یاخود جوون، بەهائین یاخود شیعەن، هیندون یاخود چینین ، ئەو کاتە لەو قوتابخانەیەدا هەمو کارو کاردانەوەیەک ئەنجامدەدرێت، خوێندن و پەروەردە نەبێت. ئەمە لە کارخانە و ئیدارات و خەستەخانە و ئەنجومەن و تیپی وەرزشی و کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگی و هونەری و فرۆشگا و ئامرازەکانی هاتووچۆی گشتیشدا هەر وایە. پەیوەندی گرتنی تاکەکان بەم شوناسە نا ئینسانییانەی خۆیانەوە، کاری تەواوی ئەو دەستگایانە دەشێوێت. بەڵام تۆ دەتوانیت پێم بڵێی کە قەدەغەکردنی یاسایی ڕێگا چارە نییە و  دەبێ ئاستی پێکەوەژیان و سەبر و تەحەمولکردن و موداراکردنی یەکتری لە کۆمەڵگادا ببرێتە سەر. بەڵام منیش دەڵێم، لە پەیوەند بە جیاوازی سروشتی لە چەشنی ڕەنگی پێست و نەژادە "جیاوازەکان"دا دەکرێتە ئەوە بکرێت، چونکە ئینسانەکان ناتوانن ڕەنگی سروشتی خۆیان بگۆڕن و بیشارنەوە، هەر بۆیەش ڕێگاچارە بە جیا لە تەئکیدکردنەوە لەسەر تۆلێرانس و پێکەوەژیانی لەگەڵ یەکدا، هیچ شتێکی تر نییە. بەڵام لەبەرانبەرگروپە ئایینی و میللی و ڕاسیستییەکاندا، ناکرێت ئەم کارە بکرێت، چونکە ئەو کاتە ناڕۆشنییەکی گەورە لە ناسینی خودی پرسیارەکەدا هەیە. چونکە خودی گروپی ئایینی و قەومی و ڕاسیستی بە هۆی بوونی دەمارگیری  ئەوانەوەیە.   کەسێک کە دەمارگیری ئایینی و  میللی  نەبێت، جەختێکی زۆر لەسەر پاراستنی ڕواڵەتی دەرەوەی جلوبەرگ و سیمبوڵە ئایینی و قەومییەکانیشی ناکات. تۆ ناتوانی چاوەڕوانی ئەوە لە هند و سەرب و شیشانی و موسوڵمانێک بکەیت کە دەستی لە پۆشاک و ڕوخسارە قەومیی و ئایینییەکانی خۆی نەشتبێت کە لە بەرانبەر ئایین و میلەتەکانی دیکەدا دەمارگیر نەبێت. ئاخر ئەگەر دەمارگیری نەبێت، ئەوە ئێمە لەبەرانبەر هیچ کێشەیەکدا نین. بۆیە دەبێت لە باری قانوونییەوە لە هەموو خۆنیشاندانێکی ڕوخسارییانەی گروپیی ڕێگیری پێکبهێنرێت،  وە لە ئاستی فەرهەنگی و ئایدیۆلۆژیشدا، لە جیاتی تێزی موداراکردنی یەکتری، کە لە دوا ئەنجامەکانیدا لە نسبییەتی فەرهەنگیمان نزیکدەخاتەوە، ڕۆشنگەری لە پەیوەند بە شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی تاکەکانی کۆمەڵگا، لە دەستووری کاری خۆتاندا دابنێن. بە بڕوای من ئەمە  ڕێگا چارەیەکە.

 ئەم قسانەی من تازە نین. بۆرژوازیش لە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسەدا هەر هەمان کاری کرد، چونکە خوازیاری ئەوە بوو کە بە جیا لە شوێن پێی ئابووری ئینسانەکان وەک خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنەران و خاوەن هێزی کاری خۆ، هیچ جیاوازییەکی دیکە لە نێوان ئینسانەکاندا نەمێنێت. ئێمەش ئەمڕۆ سۆشیالیستەکان خوازیاری هەر هەمان شتین، چونکە خوازیارین کە بە جیا لە شوناسی چینایەتی تاکەکانی کۆمەڵ، هیچ جیاوازیەکی تر کۆمەڵگا دابەشنەکات. ئەمە نەک هەر لەبەر ئەوەی کە ئیمکانی  ژیانێکی باشتر و ئینسانی تر لەو  کۆمەڵگایانەدا فەراهم دەکات، بەڵکو یارمەتی ئێمەش دەدات کە بە شێوەیەکی شەفاف و ڕۆشنتر دابەشبوونە چینایەتییەکانی کۆمەڵگا بخەینە ژێر نووکی رەخنەو پەلاماری خۆمانەوە و ڕێگای خۆمان بۆ لە کەنارەوەنانی ئەم دواهەمین  رێِگرییە و گەیشتن بە سۆشیالیزم، ئاسانتر کەین.

ئازادی ژن: ڕێم پێبدەن بگەڕێمەوە سەر مەسەلەی حیجاب. ئێوە ئاماژەتان بە ئایدیکانی شۆڕشگێڕانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا کرد. دەکرێ بڵێن کە یەکێک لە و ئایدیایانە ئازادی جلوبەرگە و ئێوەش بە قەدەغەکردنی حیجاب، جا لەبەر ڕۆشنایی قانوونی هەر فەلسەفەیەکدا بێت، ئەو ئازادییە پێشێلدەکەیت، وەڵامی ئێوە چییە؟

حەمیدی تەقوایی:  ئەم پرسیارە دەکرێ لە دوو ئاستدا وەڵامبدرێتەوە. یەکەمییان ئەوەیە کە حیجاب جلوبەرگێکی تایبەتی وەک پانتۆڵ و تەنوورە نییە. ئەگەر وا بووایە، بێ حیجابی هیچ کەسێک لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا تاوان نەدەبوو و بە قامچی و ئەسید پێداڕشتن  وەڵامی پێنەدەدرایەوە. حیجاب یەک فەرزکراو و ئیجباری ئاینییە تەنانەت ئەگەر ژن خۆیشی ئەوەی هەڵبژاردبێت. حیجاب چەشنێک لەو جلوبەرگانە نییە  کە لە ڕەنگ و پارچە و بڕین و دوورینیدا، جیاوازی لەگەڵ جلوبەرگەکانی دیکەدا هەبێت. حیجاب کاتیگۆریزەکردنی ژنە وەک کاڵایەکی جنسی. دەبێ ئەو موڵکی مێرد و برا و باوک بێت و " لە چاوانی نامەحرەم"، بەدوور ڕابگیرێت. بەستنەوەی ژن بە مێرد و ژێردەستی و کۆیلەیی ژن، لە حیجابدا شاراوەتەوە و ئاوێزانبووە. . ئەوانەی کە لە ڕەخنەگرتنی حیجابدا، حیجاب وەک سیمبوڵی ژێردەستەیی ژن دووپاتدەکەنەوە، ڕەخنەیەکی ناتەواو دەگرن. سیمبوڵ لە خۆیدا وەک ئەرکێک ، ئەگەر چی ئەو ئەرکە  کۆنەپەرەستانەش بێت، دەکرێ لە خۆیدا بێ ئازار بێت. هەر وەک چۆن کە ئاڵا سیمبوڵی ناسیۆنالیزمە و ئەستێرەی داودیش سیمبوڵی زایۆنیزمە. بەڵام حیجاب بە تەنها سیمبوڵ نییە، بەڵکو لە خۆیدا هۆکاری ژێردەستی و کۆیلەکردنی ژنە. وەکو پێلاوی تەختەیی چینییەکان کە ڕێگا لە ڕۆشتن و هاتوچۆی ژنان دەگرێت، حیجابیش لە خۆیدا هۆکاری تووندکردنەوە و هێشتنەوەی ژێردەستی ژنە. ئەگەر کەسێک بیەوێت کۆت و زنجیری کۆیلەکان وەک بەشێک لە زینەتی جلوبەرگی  کۆیلەکان بقەبڵێنێ، دەتوانێ حیجابیش وەک جۆرێک لە پۆشاکی ژنان تەماشا بکات.

بەشی دووەمی وەڵامەکە ئەوەیە کە کاتێک لە ئاستێکی پایەیتردا دەگەڕێیتەوە بۆ زەمینە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی ئازادی جلوبەرگپۆشین، هەستدەکەیت کە نەبەردەکانی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای چاخەکانی ناوەڕاست لێرەشدا هەر لە ڕەوتدایە. ئازادی جلوبەرگپۆشین لە بناغەیترین ئاستەکانی خۆیدا، بۆ برەوپێدان و بەرفراوانکردنی جلوبەرگی مەدەنی ، وەک ستاندارتێک  بۆ هەموو "هاوڵاتییان" لەبەرانبەر جلوبەرگی ئیجباری ئاینی و گروپی و کاستی و چینایەتییەکانی دەروونی کۆمەڵگای فیودالیدا هێنرایە ئاراوە. ئازادی پۆشش یان جلپۆشین، بە مانای ئەوەی کە جلوبەرگ نابێت ئیجبارێکی ئایینی و گروپیی بێت. نابێت ڕووخساری دەرەوە، نیشاندەری ئەوە بێت کە فلانە سەر بە ئەشەرافە و فیساریش ڕەعییەتە، ڕۆحانییەتە، پیشەوەرە، یان سەر بە فڵانە ئایین و قەومییەتە. لێرەشدا دەبینین ، بۆرژوازی شۆڕشگێڕی سێ سەد ساڵ بەر لە ئێستا، خوازیاری ئەوە بوو کە بە جیا لە جیاوازی ئابووری، نەداری و دەوڵەمەندی، هۆکارێکی تر بۆ جیاوازی لە پۆشاکی ئینسانەکاندا نەمێنێت. ئازادی پۆشینی جلوبەرگ، ڕووی ئەودیوی برەوپێدانی جلوبەرگی مەدەنی ، جلوبەرگی ستاندار بۆ هەموو "هاوڵاتییان" پێکدەهێنێت. بە بیانوی ئازادی جلوبەرگپۆشینەوە، دووبارە هێنانەوەی حیجاب بۆ ناو کۆمەڵگا، نوکتەیەکی ناخۆشە کە تەنها لە زەمانی پاشەو پاشگەڕانەوەی ئەمڕۆدا  و  لەسەر بنەمای تێزە کۆنەپەرستانەکانی نسبییەتی فەرهەنگی و پۆستمۆدێرنە و نەهیکردن لە شوناسی گەردوونگەراییانەی ئینساندا ، دەرفەتی بۆ هاتۆتە پێش. دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەم مافە وەکو هەموو مافەکانی دیکە، بە مانای ئەوە نییە کە هاوڵاتییان هەر کاتێک و لە هەموو شوێنێکدا دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن. بەشێکی زۆر لە دامەزراوە و شوێنی کارەکان، جلوبەرگی تایبەتی خۆیان هەیە. هەر وەکو چۆن ئازادی بەیان و ڕادەربڕین، بە مانای ئەوە نییە کە لە سەعاتی کار و لە ئیدارە و کارخانەدا، بچیتە سەر مێزێک و دەست بە ئاخاوتن بکەیت. ئازادی جلوبەرگپۆشینیش ، بە مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک و لە هەموو شوێنێکدا نییە. ئێمە ئەگەر حیجابیش وەک جلوبەرگێک قبوڵبکەین. تەنها لەو شوێنانەدا ئازادە کە ژنان لە پەیوەندیەکی  کۆمەڵایەتیدا نین لەگەڵ کەسانی دیدا. ئەمیش تەنها بە مانای لە ماڵەکانیاندا یاخود لە کوچە و کۆڵان و شەقامدایە. لە پەیوەندییەکانی کار و خوێندن و پێکەوەییە فەرهەنگی و وەرزشیییەکاندا، حیجاب دەبێ قەدەغە بکرێت، ئەمە نە تەنها دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی ئازادی جلوبەرگپۆشیندا نییە، بەڵکو درێژەپێدەر و دەرئەنجامی ئەوە.

ئازادی ژن:  دەکرێ بووترێت کە حیجاب کردارێکی شەخسیی و تایبەتییە و جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوهێنانی ئایینی تاکەکاندا لە شوناسنامە و ئەوراقە ڕەسمییەکاندا. تەنانەت ئەگەر حیجاب وەک یەک  ئەرکی  ئایینی، نەک وەک جۆرێک لە جلوبەرگ لە بەرچاوبگرین، هەر دەبێ وەک ئەرکێکی شەخسی وەربگیرێت. هەر بەوەی کە ئێمە ئایین وەک ئەرکێکی شەخسی تاکەکان، وەک مافێک دەناسێنین، بۆیەش قەدەغەکردنی حیجاب بە مانای ئەوە دێت کە تۆ ئەو مافە قانوونییە ژێرپێ دەنێیت. لە بارەی ئەمەوە چی دەڵێت؟

حەمیدی تەقوایی: ڕێم پێبدەن کە کەمێک وردتر لە  دەستەواژەی "ئایین ئەرکێکی  شەخسییە"   ووردببمەوە. بەشێوەیەکی گشتی ئاوا تەفسیرکراوە کە جیایی ئایین لە دەوڵەت بۆ بە شەخسیکردنەوەی ئایین کارێکی کافییە. بە دەربڕینێکی تر، ئایینی تایبەتی (شەخسی)، لەبەرانبەر ئایینی دەوڵەتیدا، یان دەخالەتکردنی دەوڵەت لە ئاییندا لێکدەدرێتەوە.  ئەم دەرئەنجامبەدەسهێنانە، کارێکی دروست نییە. لە پەیوەند بە موڵکایەتیشدا ئەم لێکدانەوەیە برەوی هەیە. چونکە موڵکایەتی دەوڵەتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، هاوتادەکرێتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی. لە کاتێکدا لە بەرانبەر موڵکایەتی تایبەتیدا، موڵکایەتی گشتی بوونی هەیە نەک دەوڵەتی. دیارە ئەم "ناڕۆشنییە"  هۆکاری چینایەتی خۆی هەیە کە من لێرەدا ناچمە سەری. کاتێک دەڵێیت ئایین  ئەرکی تایبەتی  تاکەکانە،  بەو مانایە دێت کە ئایین کارێکی کۆمەڵایەتی نییە و نەک ئەوەش کە دەوڵەتی نییە. جیایی ئایین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە، تەنها  ڕەهەندێکی ئەم نا کۆمەڵایەتی بوونەی ئایینە. ئایین وەختێک لە واقیعدا و بە تەواوەتی بە کارێکی شەخسی و تایبەتی دەگۆڕدرێت، کاتێک وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی ڕەخنەی لێبگیرێت و نەفی بکرێتەوە. یاخود لە باری قانونییەوە ، وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی قەدەغە بکرێت. لای ئێمە ئەم تێڕوانینە لە بەڵگەنامەکانی حزبماندا لە ژێر فۆرمۆڵەی " دەستکورتکردنەوەی ئایین لەسەر کۆمەڵگا" ڕاگەێندراوە. ئەم هەڵوێستوەرگرتنەی ئێمە لە بەرانبەر ئاییندا و لە  ئاستی قانوونیدا، ڕووبەرێکی فراوانتر دەگرێتە خۆیی و واوەلاتر لە چەمکی جیایی ئایین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە دەچێت. وەک وتم:ئایین دەبێ لە کۆمەڵگا جیابکرێتەوە، تاکەکان دەتوانن بیروباوەڕی ئایینی خۆیان هەبێت، دەتوانن ئاداب و ترادیسیۆنییە ئایینییەکانی خۆیان پەیڕەوی بکەن، جلوبەرگ و سیمبوڵە  دەرەوییەکانی ئایینی خۆیان هەبێت، بەڵام ئەمانە هەمووی وەکو ئەرکێکی  تایبەتی و شەخسی . کاری شەخسییی و تایبەتیش، بە مانای ئەوەی کە کارێکی کۆمەڵایەتی نییە. ئەگەر بڵنگۆی گەرەِک یان ڕۆژووخوێندنی تاکێکی ئایینی ، دەبێتە هۆی سەغڵەتکردنی خەڵکی گەڕەک، ئەوە ئیتر لەم ساتەدا ئایین لە ئەرکێکی فەردی و شەخسییەوە گۆڕدراوە بە ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و دەبێ بەری پێبگیرێت. جلوبەرگ و خۆنیشاندانی ئایینی لە دامەزراوە و نیهادە کۆمەڵایەتییەکاندایشدا دەبێتە هۆی سەغڵەتی پێکهێنانی پەیوەندی و چوارچێوەناسراو و کۆمەڵایەتییە مەدەنییەکانی ئەو دامەزراو و نیهادانە و دەبێ قەدەغە بکرێت. ئیتر لێرەدا جلوبەرگی ئایینی یەک کاری شەخسی و فەردی نییە چونکە یەک چالاکی کۆمەڵایەتی تێکداوە و بۆیەش قەدەغەکراوە. بەڵی منیش پێموایە کاتێک دەڵێن: ئایین ئەرکی شەخسی و تایبەتیە، بە ڕۆشنی بە هۆی جلوبەرگی ئایینی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکاندا قەدەغەیە. نەبینینی ڕەهەندی کۆمەڵایەتیبوونی ئایین، نەک نا دەوڵەتی بوونی ئایین، زیاتر لە سنوورەکانی عەلمانییەت  واوەلاتر دەچێت.

ئازادی ژن: یانی ئێوە پێتان وایە کە عەلمانییەت خوازیاری کۆمەڵگایەمی غەیری ئایینی نییە؟

حەمیدی تەقوایی: بە بڕوای من، دەبێ جیاوازی لە بەینی دەوڵەتی عەلمانی و کۆمەڵگای عەلمانیدا بکرێت. عەلمانییەت یانی جیایی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و خوێندن. بەڵام ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی عەلمانیمان هەبێت، ئەمە ئیتر کافی نییە. لە کۆمەڵگایەکی عەلمانیدا، دەبێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەتا ئەگەر دەوڵەت لەناویاندا کاریگەری نەبێت، لە دەرەوەی نفوزی ئاییدان بهێڵرێنەوە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکی عەلمانی بیەوێت بە شێوەیەکی گونجاو بە غەیرەئایینی خۆیەوە بمێنێتەوە و دوچاری دژایەتی نەبێت، دەبێ تا ئاستی جیایی ئایین لە دەوڵەت لە پەیوەندییە  کۆمەڵایەتییەکاندا بەرە و پێش بڕوات.  بە تەنها داوای جیایی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن لە کاتێکی وەک ئەمڕۆدا کە ڕووبەڕووی سیاسیی بوونی ئایین و ئیسلامی سیاسین، هیچ شتێکمان لە پەیوەند بە شوێن و دەستێوەردانی  ئایین لە پەیکەرەی کۆمەڵگادا پێناڵێت. هەر بە هۆی ئەمەشەوە یە کە کەسانێکی وەکو "گنجی" و نەوەکانی خومەینی لە ئێراندا، دەتوانن ناوی عەلمانی لە خۆیان بنێنن ئەگەرچی ئایین ئامادەییەکی  گەورەی لە تەواوی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکاندا هەیە.  لە بناغەدا ، ئەوە ئەم بێ دەربایسییەی عەلمانییەتە لە بەرانبەر ڕەخنە لە ئامادەیی  ئایین لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا کە دەرفەتی ئەم جۆرە تێگەیشتنانە دەدات. وەختێک کۆمەڵگای عەلمانی ئامانج و بنەمای سیاسەتی ئێوە نەبێت، ئەوسا ڕێگا لەبەردەم تەفسیراتی کۆنەپەرستانەدا لە عەلمانیەت کراوە دەبێت. ئەوەی کە ئێمە ئەمڕۆ شایەتین ئەوەیە کە دەوڵەتی عەلمانی ، نەک هەر لە لایەن نوێنەرانی لە گۆڕەوە دەرهاتووی بۆرجوازی لە ئێراندا، بەڵکو لەلایەن خودی بۆرژوازی و دەوڵەتە غەربییەکانەوە، بە تەواوەتی خراوەتە کەنارەوە. ئەو دەوڵەتە قەومی، ئایینی ، ناسیۆنالیستییەی کە بڕیارە لە عێراقدا جێبخرێت، نموونەیەکی زیندووی ئەم "لە پشتەوە تێهەڵدانە" ڕەسمی و ئاشکرایەی عەلمانییەتە، جا  بە هەر تەفسیر و ڕوونکردنەوەیەک کە لەسەر چەمکی مۆدیرن و مەدەنیبوونی دەوڵەت و کۆمەڵگا هەبێت. 

ئازادی ژن: ئێوە ئاماژەتان بە جیایی ئایین لە دەوڵەت لە تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کرد، ئایا لە کۆمەڵگایەکی واهیدا ، جێگایەک بۆ ئایین دەمێنێتەوە، ئایا ئازادی تاک لە هەڵبژاردنی حیجابدا، بە تەواوەتی نەفی نابێتەوە؟

حەمیدی تەقوایی: قەدەغەکردنی حیجاب لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نەفیکەرەوەی ئازادی تاکەکان نییە. هەر کەسێک ئازادە وەک تاک ، بە مانای لە دەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ماڵ و کۆڕوکۆمەڵە شەخسییەکانی خۆیدا، لە کۆچە و کۆڵان و شەقامدا، لە هەموو ئەو شوێنانەدا کە ئەو ناچێتە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە، بە هەر جلوبەرگێک و ئارایشێکەوە دەرکەوێت.

ئازادی ژن: بەڵام هێشتا ئەو پرسیارە وەک خۆی ماوەتەوە کە ئێوە دەتانەوێ ئەو جیاوازییە فەردییانە، لانی کەم لە کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نەفیکرێتەوە. ئایا ئەمە هەمان تاوانبارکردنی سۆشیالیزم  نییە بەوەی کە خوازیاری لە بەینبردنی جیاوازییە فەردییەکان و جلوبەرگی یەکڕەنگ و یەکسان بۆ ئەندامەکانی کۆمەڵگایە؟ 

حەمیدی تەقوایی: ئەوەی ئازادی تاکەکان لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا قەدەغە دەکات و ئەم مافە پێشێلدەکات، حیجاب و جلوبەرگی ئایینی و ڕوخسارە دەرەکییەکانی ئایینە. بە مانایەکی تر، ئەوە شوناسی قەومی و ئاینیی و ناسیونالیستی ئینسانەکانە کە دژایەتی لەگەڵ  ئازادییە فەردییەکاندا هەیە نەک شوناسی کۆمەڵایەتی ئەوان. ئەو دیدگا و جیهانبینییەی کە تاکەکانی کۆمەڵگا وەک "هاوڵاتییانی" کۆمەڵگا بە ڕەسمی دەناسێنێت، لە واقیعدا لە ئیرادە و ئازادی تاکەکان دیفاعدەکات، نەک هەر لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا. ئێمە دەڵێین: بێجگە لە سەلیقە و زەوقی تاکەکان لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا، نابێت هیچ شتێکی دیکە لە پەیوەند بەم پرسیارەوە بڕیاردەر بێت. ئێمە خوازیاری پێدانەوەی ئیرادەی تەواوین بە ئەندامەکانی کۆمەڵگا. ئایین ڕێک پێچەوانەی ئەمە دەڵێت و خوازیارە دەست و پێی خودا و گوناح و چاکە و خراپە و بەهەشت و جەهەننەم لە جلوبەرگی ژنانەوە بپێچێت و جلوبەرگێکی یەکسان و یەکشێوەیان بەسەردا بقەبڵێنێ. فەردییەت وشەخسییەتی ژنانێک کە حیجابیان بەسەردا داوە، نەک هەر لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا، بەڵکو لە بوارگەلێکی بەرینتردا لە مافە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانی تریاندا، دەخرێتە ژێر پێوە. لە بنەمادا ، شوناسی ئایینی و قەومی و ناسیۆنالیستی پێویست کراوە تاکو ئیرادە و هەڵبژاردنە فەردییەکان نەفی بکرێنەوە و سەرە گەورە قەومی و ئایینی و ناسیۆنالیستییەکان ، بە واتایەکی تر بۆرژوازی دەسەڵاتدار، لە بری ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بڕیاردەربن. حیجاب ئازادییەکی فەردی نییە، بەڵکو جەبرێکی ئایینییە و یەکشێوە و یەکدەموچاوکردنی ئەو ژنانەی کە بە ملییان بە حیجابداوە، سەرەتاییترین و یەکەمین نیشانەکانی حیجابە. سۆشیالیزمێک کە من دەربارەی دەدوێم، بزووتنەوەی گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسانە، ئیرادە لە هەموو ڕووخسارە کانی ژیانی ئینسانیدا.

ئازادی ژن: دەڵێن کەڵکوەرگرتن لە حیجاب لە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوادا، بەرئەنجامی جەختکردنەوەی  کۆچکردووان و پەنابەرانێکە لەسەر شوناسی خۆیان لە بەرانبەر ئەو  فشارە ڕاسیستی و بیمافییانەی کە  دەوڵەتەکانی  خۆرئاوا لەسەرییان دایدەنێن. هەر بۆیەش حیجاب وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی بە دەستهێنانی شوناسی خۆ باسیلێوەدەکرێت. بە بڕوای ئێوە، ئایا حیجاب لەم جەدەلەدا، لە جێگا و ڕێگایەکی ئاواهی بەهرەمەندە؟

حەمیدی تەقوایی:گەڕانەوەی حیجاب بۆ ئەوروپا لە بنەمادا کارێکی سیاسییە. جۆرێک لە پەلامار و فشارەکانی ئیسلامی سیاسییە وەک چۆن لە وەڵامەکانی پێشووتردا ئاماژەم پێکرد. ئەوە خودی بۆرژوازی خۆرئاوایە کە ڕێی پێداوە و ئێستاش بۆتە ئەو مۆتەکەیەی  کە دەستی لە بینی خۆی ناوە.  بەلام ئەم پاشەکشێ سیاسییە لە ئاستە فەردی و سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکانی پەنابەراندا، بە شێوەی بە دەستهێنانی شوناسێکی جیاوازتر و ناڕازی بە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان  خۆی نیشاندەدات.  ئەمە ڕوویەکی تری ڕاسیزم و مامەڵەی نا ئینسانی و بێحورمەتیکردن بە پەنابەرانە لەم وڵاتانەدا. لێرەدا، ڕاسیزم و ئایین یەکتری بەهێز و تەواودەکەن. هەروەکو چۆنیش لە دوورنما  سیاسییەکەی سیاسەتی میلیتاریستی سیستەمی نوێی جیهانی و ئیسلامی سیاسیدا، ئەم دووانە تەواوکەر و بەهێزکەری یەکترین. لە گشتیدا وا دەڵێن کە پەنابەران لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دووچاری ئەزمەی شوناس دەبن و کۆششەکانیش بەو ئاڕاستەیەدا دەبرێن کە ئەم ئەزمەیە و هۆکارەکەی لە بەرابەرکێ و دژایەتی نێوان فەرهەنگ و ئایین و نەتەوە و ئاداب و ترادیسیۆنەکاندا ڕوونبکرێتەوە. بەڵام دەردی ئەم ئەزمەی شوناسە لە هیچ کام لەوانەدا نین کە باسدەکرێن. بنەمای کێشەکە و ڕیشەکانی ئەم ئەزمەی شوناسە، لە واقیعدا لە بەدینەهاتنی شوناسی "هاوڵاتیبوون"ی هەردوو لادایە، واتا هەم پەنابەر و هەم  "هاوڵاتی" ئەوروپیش. پەنابەرێک کە ئەگەرچی لەسەر کاغەز وەک "هاوڵاتی" ناونووسکرابێت ، هیچ کاتێک لە باری پراکتیکەوە وەک ئەندامێکی مافیەکسانی کۆمەڵگا، حسابی بۆ ناکرێت. ئەمە هاوکات بە جۆرێکی دیکە لە بەرەکەی ئەوبەردا بە شێوازێکی دیکە دەردەکەوێتەوە کاتێک کەسێکی  ئەوروپی  شوناسە ناسیۆنالیستی و ڕاسیستییەکەی ڕێ لە دەرخستنی شوناسەمەدەنی و ئینسانییەکەی دەگرێت . ئەم دۆخە ، واتا ئەم دوو شوناسە ناکۆمەڵایەتییە(1) و بە لەبەرانبەر یەکتریدا ڕاوەستان، هەلومەرجێک و پەیوەندییەکی  هێناوەتە ئاراوە کە لە هەردوو سەرییەوە کۆنەپەرستانەو نا ئینسانییە. لە ڕاستیدا ئەگەر بەریەککەوتنێکیش هەبێت، ئەوا لە نێوان ئەم دوو جۆرە شوناس و فەرهەنگی ناکۆمەڵایەتی ئینسانەکاندایە. شوناس و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان شوناسێکی گەردوونگەراییانەی هەیە و بە گۆڕینی ئاو و خاک دووچاری تەنگەژە و دژایەتی نابێت. بێگومان کارێکی ڕۆشنە کە بۆ گەیشتن بەم شوناسە گەردوونگەرا ئینسانییە، دەبێ هەر چەشنە خۆهەڵواسین بە ئایین و ڕووخسارە دەرەکییەکانی ئەوەوە لەوانە حیجاب، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆبکرێتەوە. بە جەختکردنەوە لەسەر شوناسی نا کۆمەڵایەتی ئینسانەکان، ئەزمەی شوناسی ئینسانەکان جۆرە  سازگاری و پێکەوەبوونێکیان بۆ ناخوڵقێنێت بەڵکو ئەم ئەزمەیە قوڵتر و قوڵتر دەکاتەوە. نوقومبوونی زیاتری پەنابەران لە ناو فەرهەنگ و ڕەفتار و ئاین و ترادیسیۆنی خۆیاندا، بە مانای دوورکەوتنەوەی زیاتری ئەوان  لە شوناسە گەردونییە  ئینسانییەکەیان.  ئەمە خۆی لە خۆیدا پرسیاری بێ شوناسییەکە کە ئەوان وەک ئەزمەی شوناس بانگەوازی بۆ دەکەن. ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرانبەر ڕاسیزمی کۆمەڵگای ئەوروپی و  ئایین و ناسیۆنالیزمی پەنابەراندا ، بە ژیانی گێتۆیی و پلە دوویی "هاولاتیبوون" ی پەنابەران نایەتە دی.  بەڵکو بە وەلانانی هەر جۆرە جیاوازی و بەریەککەوتن و دژایەتییەک کە لە نێوان نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگایەکدا هەیە، بە هاتنەدەرەوەی گروپە خەڵکیە جیاوازەکانە لە شوناسە نا مەدەنییەکانیان و چارەسەرکردنی ئەم ئەزمەی شوناسەیانە  لە ڕێگای جەختکردنەوە لەسەر شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی هەمووان. ئەمەش لە ئاستی قانونیدا، ئێمە دەگەێنێتەوە بە قەدەغەکردنی حیجاب و هەر چەشنە خۆنیشاندانێکی گروپی ئایینی و میللی  لەناو ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگایەکدا دروستدەبێت.  

ئازادی ژن: هەڵوێستی ئێوە لە پەیوەند بە کەمایەتییە قەومی و میللی و ئایینییەکاندا چییە، لە ڕواڵەتدا وا لە باسەکەی ئێوەدا دەردەکەوێت کە ئێوە مافی ئەم کەمایەتییانە بە ڕەسمی ناناسن؟

حەمیدی تەقوایی: بە پێچەوانەوە، تەنها لەم گۆشە نیگایەوەیە کە بتوانرێت پارێزەری تا سەری مافی کەمایەتییەکان بیت. جەختکردنەوە لە سەر شوناسی مەدەنی ئەندامەکانی کۆمەڵگا، بە مانای بە ڕەسمی ناسینی هەموو کەمایەتییەکان وەک ئەندامانی مافیەکسانی کۆمەڵگا. ئەگەر سەرنج بدەیت، تۆ دەتوانیت بە دوو شێوە پارێزەری مافی کەمایەتییەکان بیت. یەکێکیان ئەوەیە کە تۆ پۆزیشیۆن و  بوونی ئەم کەمایەتییە قەومی و ئایینی و میلییانە بە ڕەسمی بناسیت و دواتریش خوازیاری مافی تایبەتی بیت بۆ ئەوان. یان ئەو بناغەیەی کە مەسەلەی کەمایەتی  و شوناسە میللی و ئایینی و نەژادی و ئەوانی دیکەی خوڵقاندووە بە ڕەسمی نەناسیت و هەموو ئەوانە لە تەنیشتی یەکەوە وەک "هاوڵاتییانی" مافیەکسانی کۆمەڵگا چاو لێبکرێت. ڕێگا چارەی واقیعی و پراکتیکی ڕێگای دووەمە. ڕێگای یەکەم، گرفتەکە چارەسەر ناکات  بەڵکو وەک خۆی دەیهێڵێتە و  قوڵتری دەکاتەوە. ئەگەر نموونەیەکی زیندوو بهێنینەوە، ئەوا ڕێک وەک ئەو کەسەی لێ دێت کە خوازیاری بەدیهێنانی مافی هەژارانە و لە جیاتی بەڕەسمی نەناسینی دابەشکردنی چینایەتی کۆمەڵگا بە سەر دەوڵەمەند و هەژاردا و نەفیکردنەوەی ئەم دابەشکارییە، هەموو ئەمانە قبوڵبکات و خوازیاری یارمەتی و کۆمەکێکی زیاتر بێت بۆ هەژاران و بانگەوازی دەوڵەمەندان بکات کە هەژاران تێربکەن و چاوێکیان لێیان بێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە خەبات نییە لەبەرانبەر هەژاریدا، بەڵکو هێشتنەوە و تووندکردنەوەی هەژارییە.

بەڵام کاتێک لە ئاستێکی دیکەدا تەماشای ئەم پرسیارە دەکەیت، بە پەلە بۆت ئاشکرا دەبێت کە لەم جۆرە هەڵوێستنواندن و سەرنجدانەشدا، هێشتاکە تێڕوانینێکی بەر لە کۆمەڵگای مەدەنی و فیوداڵی  بۆ کۆمەڵگا ئامادەیی هەیە. بناغەی کۆمەڵگای مەدەنی ، کۆی کۆمەڵێک لە کەمایەتی ئایینی و قەومی و ناسیۆنالیستی نییە  کە لە ئێستا بمانەوێت لە ڕێگای بەدیهێنانی مافی تایبەتی هەر گروپێکەوە ، جۆرێک لە باڵانس و بەرابەری لەنێوانیاندا پێک بێنین. کۆمەڵگای ئینسانی  پێکهاتووە لە ئینسانی بەرابەر کە لەسەر بناغەی شوناسی کۆمەڵایەتی و هاوبەشی هەمووان دروست بووە. لە کۆمەڵگای چینایەتیدا، ئەم شوناسە هاوبەشە ئینسانییە لە ژێر تیشکی شوناسی چینایەتی و ناسیۆنالیستی و ئایینی و نەژادییەکاندا، جێدەگرێت و نەفی دەکرێتەوە. دواتریش ، دوای لە ژێر پێنانی ئەم شوناسە ئینسانییەی ئەندامەکانی کۆمەڵگا، "موسڵح"ینێک پەیدادەبن کە خوازیارن لە ڕێگەی بەخشینەوەی مافی تایبەت و تێزەکانی نسبییەتی فەرهەنگییەوە ئەم مۆزاییکە لە یەکنەچوو و لە خۆنامۆبووە بە یەکەوە بچەسپێنن. شیعاری فیدراڵیزم کە ئەمڕۆ لەلایەن بەشێک لە گروپە سیاسییەکانی ئێرانەوە بەرزکراوەتەوە، هەنگاوی نزیکبوونەوە لەم جۆرە پێشنیارە کۆنەپەرستانەیەیە  بۆ ڕێکخستن و لێکداپچڕاندنی کۆمەڵگاکان لەسەر بنەما قەومی و ئاینییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست . ئەمانە هەمووی نموونەیەکن بۆ هێشتنەوەی کۆت و بەند نەوەک بۆ ئازادی هەمیشەیی.

هەم کۆمەڵگا و هەم تاکەکانیش ئەگەر بیانەوێ ڕەها و ئازاد بن، دەبێ شوناسە ئاینی و قەومی و ناسیۆنالیستی و نەژادییەکان نەفیکەنەوە و بۆ شوناسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی خۆیان بگەڕێنەوە. وەک پێشتر ڕامگەیاند، ڕێگاچارەی کۆتایی و کامڵ و گەڕاندنەوە، سۆشیالیزمە. بەڵام تاکو گەیشتن بە سۆشیالیزم، بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم، دەبێ لە دەروونی هەر ئەم کۆمەڵگایانەی ئەمڕۆشدا، لە ئاستی قانوونیدا، نەخش و ڕۆڵی شوناسە ناکۆمەڵایەتییەکانی ئینسانەکان، تا ئاستی کەمکردنەوەی کاریگەرییان بۆ کەمترین ئاستی  تێبکۆشین یان بە تەواوەتی ڕەد بکرێنەوە .

ئازادی ژن: بۆچی شوناسی ئینسانی لە ڕەگەز و ئایین و ئەتنییەت و نەژاد و نەتەوە جیادەکەیتەوە؟بەرهەڵستکارانی ئێوە دەڵێن: هەر ئینسانێک لە جوگرافیایەکی نەتەوەیی و ئەتنی و فەرهەنگی هاتۆتە دنیاوە و لە کۆتایشدا سەر بەو جوگرافیا دیاریکراوەیە، وەڵامی ئێوە چییە؟

حەمیدی تەقوایی: ئینسانەکان بەر لەوەی ئینتیمایان بۆ جوگرافیایەکی میللی و قەومی و فەرهەنگی هەبێت، ئەندامانی  کۆمەڵگای ئینسانیین. ئەوە کۆمەڵگایە کە لە ڕووی مێژوویەوە بە نەوەی ئینسان و هەر تاکێکیش لە هەر جوگرافیایەک هاتبێتە ئاراوە ، فۆرم دەبەخشێت. ئینسان هەر وەک لە ناو و پێناسەکەیەوە هاتووە،  چونکە ئینسانە، خاوەنی شوناسی کۆمەڵایەتیە. ئەو ئینسانەی کە مەجبور بێت بۆ ناسین و  خۆپێناسەکردنی دەست بە داوێنی ئایین و نەتەوە و ئەتنییەتەوە بگرێت،  دووچاری ئەزمەی شوناس نەبووە، بەڵکو  شوناسە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکەی بەڕەسمی دانی پیانەنراوە و بەدی نەهاتووە.

بەڵام لە ئاستێکی سیاسیدا، لە پشتی ئەم ئینتیما و شوناسداتاشینە میللی و ئایینی و قەومییانەوە، ئامانجەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان، لە مڕۆدا بۆرژوازی خەوتووە. حزب و بزوتنەوە ئاینی و قەومی ومیللییەکان لە باری گشتییەوە ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە بەم شێوەیە و لەم ڕێگایانەوە، بەواسیتەی سەروەری و پێشڕەوییە میللی و قەومی و ئاینییەکاننەوە لە یەک وڵاتدا، یان بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە میللی و ئایینەکانی جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە، لە کۆتایدا بە خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی ئینسان دەگەن. بەڵام تەواوی ئەم پرسیارە لەسەر ئەم چەمکی "بەواسیتە"یەوە ڕاگیراوە. دیفاعکردن لە بەرژەوەندییە ئینسانییەکان پێویستی بە هیچ "واسیتەیەک" نییە. بەڵام بۆ دیفاعکردن لە بەرژەوەندییەکانی چینێکی دیاریکراو لە ژێر ئاڵاکانی ئینسانییەتدا، قاچی جوگرافیای فەرهەنگی و میللی و قەومی و ئایینی و کۆمەڵێک "واسیتەی" تر دەکێشێرێتە ناوەوە. ئاڵا، خودا، ئاو خاک، نەژاد ، هەموویان کراونەتە شتێکی پێویست تا چینایەتی بوونی کۆمەڵگا و باڵادەستی بوونی سیاسی و ئابووری چینێکی پێ بشارنەوە  و بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار وەکو بەرژەوەندی گشت کۆمەڵگا نیشان بدەن. لەبەرانبەر ئەم جۆرە حزب و سیاسەت و دیدوبۆچوونانەدا، ڕاستەوخۆ و بە جیا لە هەر چەشنە جوگرافیایەکی فەرهەنگی و میللی و ئاینی، دەبێ ئینسان بخرێتەوە سەنتەر و بکرێتەوە بە بنەما.   

ئازادی ژن: پرسیارێکی تر کە لێرەدا دێتە پێشەوە، هەڵوێستی بەشێکی زۆری حزبە ئەوروپییەکانە کە خۆشیان بە چەپ و پێشکەوتووخواز دەناسێنن. ئەم حزبانە دژایەتی خۆیان بۆ قەدەغەکردنی حیجاب ڕادەگەێنن بە هۆی دژایەتی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسییەوە بۆ ئیمپریالیزم و دەوڵەتە خۆرئاواییەکانەوە، هەڵوێستان لەبەرانبەر ئەو هێزانەدا چییە؟

حەمیدی تەقوایی: دەکرێ هەر ئاوەڵناوێکی دیکە بۆ ئەم حزبانە بدۆزیتەوە بەجیا لە "چەپ و پێشکەوتووخواز". ئەم جۆرە لە ئەحزابی سیاسی، لە پەیوەند بە هەر پرسیارێک و هەڵوێستوەرگرتن لە بارەی ئەوەوە،  بنەما و پێوەر و قیبلەنمایەکیان هەیە کە ئەویش دژایەتی ئەمریکایە.  ئەمانە لە واقیعدا وەک گروپێکی فشار بە کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەتییەوە کار دەکەن نەوەک وەک حزبێکی سیاسی. ئەو لۆژیکەی ئەمانە پەیڕەوی لێدەکەن ئەوەیە کە هەر حزب و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەبەرانبەر ئەمریکادا ڕابوەستێت، هەم پێشکەوتووخوازە و هەم شایەنی پشتیوانیلێکردنە. تەنانەت ئەگەر ئەو ڕەوتە سیاسییە ڤایرۆسی دڕندەیی و دواکەوتوویش بێت، بۆ ئەوان جیاوازی پێک ناهێنێت. ئەمانە بانگەوازکەری خەباتی دژی ئیمپریالیزمن، بەڵام تێگەیشتن و بۆچوونی ئەمانە دەربارەی ئیمپریالیزم، لە ئاستی هەمان ئەو بۆچوونەدایە کە هەمان ئیسلامییە هاوسفرەکانی ئیمپریالیزم هەیانە. بزووتنەوە و هێزێک کە دەیەوێت لە واقیعدا خەباتگێڕی دژی ئیمپریالیزم بێت، لەگەڵ پاشماوەی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمدا کە لەم دوو دەیەی دوایدا، واتا ئیسلامی سیاسی، هاو ڕێگا و هاوبەرە نابێت. ئەم جۆرە ئەحزابە سیاسییانەیە دەبێ وەک بەشێک لە پرۆسەی پاشەوپاش بەرەودواوە گەڕانەوەی کۆمەڵگاکانی ئەوروپادا چاولێبکرێن. دیفاعی ئەم هێزانە لە حیجاب وەک چەکێکی دژی ئیمپریالیستی، هەڵوێستەکانی ئێمە لە پەیوەند بە مەسەلەی حیجاب و ئیمپریالیزم و ئیسلامی سیاسییەوە، قایم و توندوتۆڵتردەکات.  

1 –  تێبینی وەرگێڕ: شوناسی "نا کۆمەڵایەتی" وەک چەمکێک لە ئاخاوتنەکەی حەمیدی تەقوایدا دووپاتدەبێتەوە.  بەڵام  ئاماژەکانی حەمیدی تەقوایی بە شوناسی کۆمەڵایەتی ، وەک لە درێژەی ئاخاوتنەکەدا ڕۆشندەبێتەوە، هاوتا دەبێتەوە بە شوناسی ئینسانی ئینسانەکانی کۆمەڵگا. بۆیەش بەکارهێنانی شوناسی "ناکۆمەڵایەتی" بۆ شوناسە ئەتنی و ئایینی و ناسیۆنالیستی و نەژادییەکان، ئەم دەربڕینە دەکاتە چەمکێکی پڕ لە دژایەتی. بە تایبەتی ئەگەر ئەو گریمانە سادەیە لە بەرچاو بگرین کە تەواوی شوناسە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەموو جۆرەکانیەوە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتین و لە پرۆسەی کۆمەڵایەتیدا دروستدەکرێن.  بەڵام جێگا و ڕێگای ئینسان وەک تاکێکی کۆمەڵگا، پرۆسەی لەخۆنامۆبوونێک کە حەمیدی تەقوایی لە درێژەی ئاخاوتنەکەدا ڕوونیدەکاتەوە، ناکۆمەڵایەتیبوونی ئەو شوناسانە، دەکاتە دەربڕینێکی زمانەوانی بە مەبەستی سنوورجیاکردنەوە: واتا پرۆسەی لەخۆنامۆبوونی ئینسان لەشوناسە ئینسانییەکەی خۆی، ئەو گۆشە نیگا و چوارچێوەیەیە کە شوناسە ئاینی و ئەتنی و نەژادییەکان، دەکاتەوە بە شوناسێکی ناکۆمەڵایەتی، نەوەک نا کۆمەڵایەتی بوونی شوناسەکان