هۆکار و پەیامەکانی هەڵبژاردنی ترامپ!
 

حەمید تەقوایی


 

کەیوان جاوید: ترامپ بە پێچەوانەی تەواوی ڕاپرسیەکان بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵبژێردرا، هۆکاری ئەمە چییە؟
حەمی
د تەقوایی: ترامپ کەسیێکە کە ڕاستڕەوترین سیاسەت و ڕاسیسترین بۆچۆن دژ بە ژنان و پەناهەندە و ڕەشپێستەکان نوێنەرایەتی دەکات وە هەر بەم دەلیلە جێگای بێزاری زۆربەی زۆری خەڵکی ئەمریکایە و ڕاپرسیەکان وایان نیشاندەدا کە هەڵنابژێردرێت. بەپێی رێژەی دەنگدەرانی سەراسەری کلینتۆن دەنگی زیاتری هێنا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەپێی سیستیمی هەڵبژاردنی بازنەیی و ژماری نوێنەرانی ویلایەتەکان دیاری دەکرێت لەسەر ئەم بنەمایە ترامپ هەڵبژێردرا. بەڵام تەنانەت لەسەر ئەم ئاستەش کەسانێک کە دەنگیان بە ترامپ دا لە بنەڕەتدا دەنگیان نەداوە بە ڕاسیزم و بابەتە دژە ژنی و دژە بیانیەکانی ئەو. ترامپ بە ناونیشانی نوێنەر و هۆکاری ئاڵوگۆر خۆی پێناسەکرد. لە پڕوپاگەندە و بابەت و قسەکانیدا دژ بە سیستیمی حکومەتی خۆی نیشاندەدا، بە وتەی خۆی دژی "زەلکاوی واشنگتۆن" و دژ بە سیاسەتمەدارانی کۆنەکار بوو لە هەردوو ڕابەرایەتی حیزبی دیموکرات و کۆماریەکان و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم لەدەرەوەی سیستمەکەیە، کاری سیاسی نەکردوە و پلەوپایەکی سیاسی نەبوە و بەم پێیە دەتوانێت سیستم بگۆڕێت و "زەلکاوەکە وشک بکات" و چەندانی تر. بەبۆچونی من دەنگدان بە ترامپ یەک دەنگدانی سلبی ونێگەتیڤ بوو کە ناڕەزایەتی و بێزاری بەرفراوانی خەڵک لە وەزعی ئێستا نیشاندەدات. ئەمە هۆکاری بنەڕتی هڵبژارنی ترامپ بوو. 
کەیوان جاوید: هەروەک ئاماژەت پێکرد ترامپ ڕخنەی لە سیستمی فەرمانڕوا دەگرت، ئایا لە ڕاستیدا ترامپ دەتوانێت وە یان دەیەوێت ڕوبەڕوی سیستمەکە بێتەوە؟
حەمید تەقوایی: ڕوبەڕوبونەوەیەک لە ئارادا نییە بەڵام دیارە ترامپ دەیەوێت ئاڵوگٶڕێک لە سیاسەتاکانی ئێستادا بکات. ئەم ئاڵوگۆڕانە لە بەرژەوەندی یەک دەرسەدیهای دەسەڵاتدارە نەک ئاڵوگٶڕێک کە خەڵک چاوەڕێیەتی وە یا ئەو خۆشخەیاڵیەیان هەیە کە ترامپ جێبەجێیاندەکات. سیاسەتەکانی ترامپ هەمان ئەو سیاسەتانەی ڕاستی توندڕەو و نیوکۆنسەرڤەتیڤەی سەردەمی ڕێگان و تاتچەرە بە ئیزافەی پاراستنی ئابوری (پرۆتێکشن) لە جۆری "بریگسیت" لەسەر بنەمانی پێشگرتن و برگرتن بە ناردنەدەرەوەی سەرمایەکان و پێشگرتن و بەرگرتن بە هاتنی پەنابەران و کرێکارانی بیانی و چەندانی تر. ئەمانە تێکەڵەیەکن کە ترامپ ڕایگەیاندوە. ئەم سیاسەتانە تا ئەوشوێنەی بە پاراستنی ئابوری دەگەڕێتەوە کارێکی مەحاڵە، لە سەردەمی بە جیهانیبونی سەرمایەکاندا ئەمە ئیمکانی نییە. خودی ترامپ سەرمایەدارێکە کە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا سەرمایەگوزاریکردەوە. لیرەدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە ئیمکانی هەیە، وەکو لێدان و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، ئەم سیاسەتانە بە تەواوی لە خزمەت و بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداردایە. ترامپ تەنانەت بەو ئاستە لە ڕیفۆرم کە حکومەتەکەی ئۆباما جێبەجێیکرد نەیارە و بە ناونیشانیی نمونەیەک دەیەوێ ئەو بیمە دەرمانیانە یا "ئوباماکیر" - کە مۆڵەتی دا بە نزیک لە بیست ملیۆن کەس کە لە بیمە دەرمانیەکان بێبەش بون بەهرەمەند ببن - هەڵوەشێنێتەوە و دەستی کۆمپانیاکانی بیمە و دەرمان دروستکردن لە دەستکردن بە گیرفانی خەڵکدا بەتەواوی ئاواڵابکات. ئەمانە ئەو ئاڵوگۆڕانەن کە ترامپ لە ژێر ناونیشانی ئاڵوگٶڕ لە سیستەم وشککردنی زەلکاوی واشنگتون یان ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ سیاسەتمەدارانێکدا کە دەیان ساڵە لەسەر کارن و کارێکیان بۆ خەڵک نەکردوە و ڕەخنەگرتن لە ئەحزابی حکومەتی و چەندانی تر باسیان لێوە دەکات. واتە جۆرێک لە پڕوپاگەندەی عەوامفریودەرانە و پۆپۆلیستیانە کە بەتایبەت فاشیستەکان بەم جۆرە پڕوپاگەندانە خەڵک بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن. ترامپ بەم جۆرە پڕوپاگەندانە توانی دەنگی خەڵک بەدەستبهێنێت. 
کەیوان جاوید: مٶڵەت بدە قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بکەین، ئایا ترامپ دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بوشیزم و سەردەمی زلهێزی ئەمریکا لە دەیەی دوای ڕوخانی سۆڤیەت؟ 
حەمید تەقوایی: ترامپ ئیدیعایەکی لەم جۆرەی هەیە. کاتێک باس لە "گەڕاندنەوەی گەورەیی ئەمریکا" دەکات مەبەستی زیندوکردنەوەی هەمان ئەو زلهێزیەی ئەمریکایە. بەڵام ئەم مەسەلەیە بە ئیدیعا بەدینایەت. زلهێزی ئەمریکا بە تایبەتیش لە دەیەی دوەمی ئەم سەدەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو شوێنێکی دنیا بەرەو ئاوابون و لاوازی چووە. ئەمە ئاکامی سیاسەتەکانی ئۆباما نەبوو. بوشیزم و میلیتاریزم و شەڕەنگێزی حکومەتی ئەمریکا بە واقعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستیخوارد. ماشێنی سەربازی ئەمریکا شکستیخوارد و لە لایەکی ترەوە لەدوای قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ وە چیتر حکومەتی ئەمریکا لە ڕوی ئابورییەوە هەم توانا و ئیمکانی درێژەدانی بە سیاسەتە میلیتاریستیەکانی نەما. هەموو ئەم هۆکارنە بونە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی میلیتاریستی جێگای خۆی بدات بە سیاسەتی تر لەسەر بنەمای دیبلۆماسی کە ئۆباما نوێنەرایەتی دەکرد. ترامپ بە ناونیشانی ڕەخنەگری دۆخی ئێستا بە سیاسەتەکانی دەروەی ئۆباما نەیارە بەڵام لە ڕوی ئامانج و پراتیکییەوە ئیمکانی نییە کە دوبارە زلهێزی ئەمریکا لە سەردەمی جەنگی سار و تەنانەت سیاسەتە ملیتاریستیەکانی دەورەی بۆش زیندوبکاتەوە. ئەمجۆرە لە بانگەشەکردن بە مانای ئەوەیە کە لە مەیدانی سیاسەتی دەرەوەدا ترامپ هەوڵدەدات سیاسەتی هێرشبەرانەتر و خۆسەریانەی زیاتر، بەوجۆرەی کە لەدەورەی بۆشدا هەبوو، پەیڕەوبکات. هەر بەم شێوەیە کە سەبارەت بە ناتۆ هەم خەت وسنوری کێشاوە و مەرج وبەندی داناوە. بەڵام بە عەمەلی تەنانەت لەو ئاستە سنوردارەشدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.
کەیوان جاوید: سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چۆنە؟ ئایا سیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت؟
حەمیدی تەقوایی: تا ئەو شوێنەی کە بە بەرئەنجام و ڕێکەوتنی ئەتۆمی پەیوەندیدارە ئەم رێکەوتننامەیە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و بە ئیمزای نەتەوەیەکگرتوەکانە و کارێکی سادە نییە کە ترامپ بیەوێت یەکلایەنە هەڵیبوەشێنێتەوە. بەڵام ئەوە ئیمکانی هەیە کە گەمارۆی زیاتر بەشێوەی تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بە بیانوی پێشێلکردنی چەند بەندێکی ئەو ڕێکەوتننامەیە جێبەجێبکرێت. لە لایەکی ترەوە وا دێتە پێش چاو کە ترامپ دەیەوێت پەیوەندیەکی گەرمتر و نزیکتری لەگەڵ ڕوسیا هەبێت وە بەم پێیە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ بلۆکی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لەو بلۆکە، میانڕەوتر دەبێێت. بەڵام بەهەرحاڵ بە بۆچونی من سیاسەتگەلێک کە ئەمڕۆ حکومەتی ئەمریکا لە پەیوەند بە کۆماری ئیسلامیەوە لە عێرا ق و سوریا دا گرتویەتیەپێش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەرنایەت. تەنها دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە تا ئەوکاتەی بە ڕێکەوتننامەکەوە پەیوەندە سیاسەتێکی سەختتر بچێتە دەستورکاری حکومەتی ئەمریکاوە. 
کەیوان جاوید: وەک دواین پرسیار ڕێگای ڕزگاری خەڵکی ئەمریکا لەم بارودۆخە چییە؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من ئەم هەڵبژاردنە جارێکی تر ئەوەی نیشاندا کە دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ خەڵک هەر چوار ساڵ جارێک چەندە پوچە و لە سندوقەکانی دەنگدانەوە دەتوانرێت چ لیخن و بۆگەناوێک بێتەدەرەوە. لە سندوقەکانی دەنگدانەوە دەتوانرێت ڕاستڕەوترین و دژە مرۆییترین بابەت و سیاسەتی ڕاسیستی و سێکسیستی، و دژایەتیکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان و هەر جۆرە باشتربون و پێشڕەویەک لە ژیانی مرۆڤەکاندا بێتەدەرەوە. ئەم تەجروبەیە جارێکی تر، هەروەک چۆن بزوتنەوەی داگیرکردنی واڵستریت ڕایگەیاند، نیشانیدا کە ئازادی لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نایەتەدەرەوە. ناتوانرێ چاوەڕوانی ئاڵگۆڕی بنەڕەتی بین لە هەڵبژاردنەکاندا. بە بۆچونی من ڕێگاچارە لە دەستی بزوتنەوە چەپ و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکاندایە. جوڵانەوەیەکی لەوجۆرەی کە لە بزوتنەوەی داگیرکردنی واڵستریت بینیمان. وە سیاسیتر و حیزبیتر و بە نوێنەران و کەسایەتیە سیاسیە بەرجەستەکانیەوە. زەمینەکانی ئەم جوڵانەوەیە هەر ئەمڕۆ لە خودی ئەمریکادا دەبینین. ناسراوبونی کەسێکی وەک بێرنی سنادرز کە بۆ یەکەمیجار لە کەمپینێکی هەڵبژاردندا لە ئەمریکا خۆی بە سۆسیالیست پێناسەدەکات و خۆشەویست دەبێت وە یان ناسراوبونی کەسێکی وەک جێرمی کۆربین لە بەریتانیا، سەرهەڵدانەوە و ڕەنگدانەوەی یەکجۆر لە چەپی کۆمەڵایەتییە. ئەم کەسانە سیاسەتمەدارانێکن کە لەژێر فشاری چەپی کۆمەڵایەتیدا هاتونەتەپێشەوە. ئەم چەپە پێویستە دەسەڵات بگرێت، بەهێزتر ببێت، بەتایبەتیش خۆی ڕیکخراوبکات لە حیزبدا. بە بۆچونی من خاڵی پێشڕەوەی ئەم بزوتنەوەی چەپی کۆمەڵایەتیە لە گرەوەی ڕەخنەگرتندایە لە سەرجەم دۆخەکە و تەواوی سیستمی ئێستا.

١١/١١/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد
ئەم گفتوگۆیە چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی کەناڵ جەدیدە لەگەڵ حەمید تەقوایی