بورقوع و بورکینی؛
دیوارەکانی ئاپارتایدی سێکسی و قەفەسە جوڵاوەکان
!
 

حەمید تەقوایی


ئەنتەرناسیوناڵ: حیزب خوازیاری قەدەغەکردنی بورقوعە و لەم دویانەدا لە ڕاگەیاندراوێکیدا بەرگری لە قەدەغەکردنی بورکینی کردوە، بەڵام بۆچی حیزب خوازیاری قەدەغەکردنی حیجاب نییە؟ بورکینی یا بورقوع چ جیاوازیەکی لەگەڵ حیجابدا هەیە؟
حەمید تەقوایی: مۆڵەتم بدە سەرەتا سەبارەت بە ڕووە هاوبەشەکانی ئەم بەناو پۆشاکانە قسە بکەین. حیجاب و بورقوع و بورکینی هەمویان پشتبەستون بە جۆرێک تێڕوانین لە جیاکاری ڕەگەزی(جنسی) و مەبەستی کۆنەپەرستانە و دژە ژن بون. لە فەلسەفە و تێڕوانینی ئیسلامییەوە پێناسەی ژن بریتیە لە جۆرێک کاڵای سێکسیی کە پیاو خاوەنییەتی و بۆیە پێویستە بە جۆرێک پێچراوە و داپۆشراو بێت تا سەرنجی چاوی نامەحرەم ڕانەکێشێت بۆخۆی. جۆرە جیاوازەکانی حیجابی ئیسلامی کە ئەمڕۆ بورکینیشی پێزیادکراوە جۆرێک لە پۆشاک نین بەڵکو دیوارەکانی ئاپارتایدی سێکسی و قەفەسە جوڵاوەکانن لە پێناو پاراستنی "ناموس" ی پیاوان لە سەرنجی زەرەرمەندانەی ئەو پیاوانەی کە بە شەرع خاوەنی ئەوە کاڵایە نین. حیجابی ئیسلامی لەهەر شێوازێکیدا بێت "پۆشاکێکی گونجاوە" بۆ ئەوە ژنانەی کە مافی زەواج و تەلاق و سەفەریان بەبێ مۆڵەتی مێرد یان باوک یان لێپرسراوێکی پیاو نییە، لە زۆرێک لەبوارەکانی وەرزشی وهونەری و کۆمەڵایەتی ڕێگەیان پێنادرێت ئامادەبن و چالاکی ئەنجام بدەن، وە لە شایەدیدان و میراتیدا بە نیوەی پیاوان ئەژماردەکرێن. حیجاب سیمبول و بەشی تەواوکەری ژێردەستەیی و بێمافی ژنانە. 
ئیسلامیەکان و لایەنگرانی پۆستمۆدێرنە بە گشتی بەرگری لە جۆرەکانی حیجابی ئیسلامی لە ژێر ناوی ئازادی پۆشین و جۆرێک پۆشاک کە گوایا ژنان خۆیان هەڵیانبژاردوە دەکەن. بەڵام حیجاب هەڵبژاردەی ئازادانەی هیچ ژنێک نییە، یەک زۆرەملێ و داواکاری شەرعییە. لە وڵاتانی وەک ئێران کە ئیسلام فەرمانڕەوایی دەکات، حیجاب بەپێی یاسا و بە ئاشکرا مەسەلەیەکی زۆرەملێیە، بەڵام تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواش ژنێک کە وادێتە بەرچاو ئازادانە حیجابی هەڵبژاردبێت بەڵام لەژێر فشارە مەزهەبی و ئەخلاقیەکانی دژە ژنی دیندا ملیداوە بە حیجاب. حیجاب لەهەر حاڵەتێکدا بێت یا زۆرەملێی دەوڵەت و یاسایە یان یەک زۆرەملێی مەزهەبی و ئەخلاقییە. هەڵبژاردن و ملدان بە حیجاب لە لایەن ئەو ژنانەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا دەژین کە حیجابی زۆرە ملێ نییە هیچ لە خەسڵەتی کۆنەپەرستانە و هەڵاواردنی دژە ژن بونی کەم ناکاتەوە. هەر وەک چۆن ڕازیبونی کۆیلەیەک بە کۆیلەیی بەمانای ڕەوابونی کۆیلەداری نییە. حیجاب و بورقع و بورکینی پۆشاکێکە کە بۆ جەستەی بێماف و کۆیلەی جنسی ژن دوراون.
هەر بەم پێێە باسەکە تەنها بەرخوردی یاسایی بە ئەم جۆرە لە پۆشاک نییە. یاسا لەم بارەیەوە هەرچی بڵێ پێویستە هەر لایەنگرێکی مافی ژنان وە هەر مرۆڤێک کە بۆنی مەدەنیەتی لێبێت نەیاری خۆی لەگەڵ پۆشاکی ئیسلامیدا نیشان بدات.
لە ڕوانگەی یاساییەوە بنەمای مەسەلەکەی ئێمە ئەوەیە کە هەر جۆرە پۆشاکێک کە ببێتە هۆی ڕێگری یان سنوردارکردنی جوڵە و چالاکی ژنان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، لە ڕشتەکانی وەرزش و هونەر و فەرهەنگیدا، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی فێرکردن و سەرجەم بورارە کۆمەڵایەتیەکاندا پێویستە قەدەغە بکرێت. حیجاب لەهەندێ بواری تایبەتدا کە ڕونمکردەوە وە بورقوع و بورکینی لەهیچ هەلومەرجێکدا جگە لە سەپاندنی ئەو ڕێگری و سنوربەندیانە هیچ نەخش و کارکردێکی تریان نییە.
سەبارەت بە بورقوع پێویستە مەسەلەکە ڕۆشنبێت. بورقوع ڕوخساری ژن بەتەواوی دادەپۆشێت، ڕێگرە لە ناسین و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەودا بە ناونیشانی یەک تاکی دیاریکراو و جیاواز لەوانی تر وە بەم مانایە شوناسی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ژن تەنانەت لە شێوازی دەرەوەیی و لەش ولار و ڕوخساریدا ڕەتدەکاتەوە. ژنانی بورقوع پۆش بە ناونیشانی تاکی دیاریکراو و جیاکراوە لە یەکتر بۆ کۆمەڵگە قابیلی ناسین و دیاریکردن نین وە ئەمە توندڕەوترین و ئاشکراترین وە پێویستە بڵێی قێزەونترین وە سوکایەتیترین شێوەی ڕەتکردنەوەی کەسایەتی ژن و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مرۆییانەیە لەگەڵیدا. تابلۆ و وێنەی دەموچاو، مۆڵەتی شوفێری، پاسپۆرت و بە گشتی هەرجۆرە کارتێکی شوناسنامەیی بۆ ژنانی بورقع پۆش بێمانایە وە ئەم کارە جگە لە ئینکارکردنی کەسایەتی و بونی کۆمەڵایەتی ژن و ڕێگریکردن لە دروستکردنی پەیەوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵیدا شتێکی تر نییە. بەپێی ئەم هۆکارانە وە لەسەر بنەمای سەرەتایترین مافی مەدەنی و هاوڵاتیبونی ئەندامانی کۆمەڵگە بورقوع پێویستە قەدەغە بکرێت. سەبارەت بە حیجاب بە مانای چادر و لەچک وە یان شێوازی تری داپۆشینی قژ ئێمە لایەنگری قەدەغەکردنی گشتی بۆ گەورەساڵان نین بەڵام حیجاب لە هەر شوینێک ڕێگری لە چالاکی و خۆدەرخستنی کۆمەڵایەتی ژن بکات پێویستە قەدەغە بکرێت. بەیایبەتیش چادر ڕێگر و سنوردارکەری زۆرێک لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی ژنانە، وەک بەرهەمهێنان و وەرزش و هونەر هتد وە پێویستە لە هەموو ئەو بوارانەدا قەدەغەبکرێت. 
بورکینی جۆرێکی تازەی پۆشاکی ئیسلامی و سەپاندنی دەستدرێژی ئیسلامیەکانە بۆسەر مافەکانی ژنان لەناو مەلەوانگە و دەریا و مەلەوانی و وەرزشە ئاویەکاندا. پێویستە لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا بوەستینەوە. لە ڕووی یاساییەوە پێویستە خوازیاری قەدەغەکردنی بورکینی بین چونکە پەیام وکارکردەکەی جگە لە سنوردارکردنی ژنان لە مەلەکردن لە ناو دەریا و مەلەوانگەکان و وەرزشە ئاویەکاندا هیچی تر نییە. بە بورکینییەوە ناتوانرێت بە ئاسانی مەلە بکرێت و هەتاوت بەرکەوێت و لە پێشبڕکێکانی مەلەوانی لەناو دەریا و مەلەوانگەکان و وەرزشییە ئاویەکاندا بەشداری بکرێت. سنوردارکردن و ڕێگریکردن لە وەرزش و چالاکی جەستەیی وە تەنانەت خۆشی بینین و چێژوەرگرتن لە ئاو و خۆر لە خودی بورکینیدا حەشاردراە. لە هەمانکاتدا بورکینی بە جۆری پۆشاک و بریارەکانی مەلەوانگە گشتیەکان کە بە هۆکاری تەندروستی چونە ژورەوە تەنها بە مایۆی مەلەکردنەوە دەبێت ناکۆکی هەیە. هەموو ئەو هۆکارانە بنەمای یاسایی قەدەغەکردنی بورکینیە. 
ئێمە خوازیاری ئەوەین کە بورقوع و بورکینی لە هەموو شوێنێک قەدەغە بکرێت وە سەبارەت بە حیجاب خوازیاری ئەوەین کە لەو بوارانەی کە حیجاب، هاوشێوەی بورقوع وبورکینی، ڕێگرە یان سنوردارکەری چالاکیەکانی ژنانە لە بوارەکانی کاری وەرزشی و هونەری و چالاکییە کۆمەڵایەتیەکانی تر پێویستە یاسایانە قەدەغە بکرێت. حیجابی منداڵان بەتەواوی و لەهەر هەلومەرجێکدا بێت پێویستە قەدەغە بکرێت. بنەمای هاوبەش و فەلسەفی یاسایی ئەم قەدەغەکردنانە ڕوبەڕوبونەوەیە لەگەڵ جیاکاری وهەڵاواردنی جنسی و بێبەشی و بێمافی نیوەی کۆمەڵگا و دەستەبەرکردنی یەکسانی تەواوی نێوان ژن و پیاوە.

ئەنتەرناسیوناڵ: ئایا ڕێگای بنەڕەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بورقوع و حیجاب و بورکینی کاری فەرهەنگی و وشیارکردنەوە نییە؟ ئایا بە قەدەغەکردنی یاسایی دەتوانرێت ڕوبەڕوی ئەم ڕەمزانەی کۆیلەتی ژن ببینەوە؟ 
حەمید تەقوایی: بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی پێویستە ڕیشەی مەسەلەکە بناسین. ڕیشەی مەسەلەکە نە فەرهەنگییە و تەنانەت نە یاساییە. بڵاوبونەوەی جۆرەکانی حیجابی ئیسلامی لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا، هاوشێوەی "گۆشتی حەڵاڵ" و بانگدان و مزگەوت و قوتابخانەی ئیسلامی دروستکردن و دادگاکانی شەریعە و جەژن و بۆنە ئیسلامیەکان و کوشتنی ناموسی و بەفەرمی ناسینی مەلا و موفتی و ئایەتوڵا ئوتوکراوکان وەک نوێنەرانی "کۆمەڵگای موسوڵمانان" مەسەلەیەکی فەرهەنگی و تەنانەت مەزهەبی نییە. هۆکاری ئەمە بیروباوڕی خەڵکی موسوڵمان و فەرهەنگ و مەزهەبی ئەوان نییە. دەیان ساڵە موسوڵمانان یا ڕاست تر بڵێم خەڵکێکی بە ئیسلام ئەژمارکراو لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکاندا دەژین بەڵام تەنها لەم دەیەیی دوایدا شاهیدی ئەم جۆرە لە ئیسلامگەرایی لە ولاتانی رۆژئاوادا بوین. ڕیشەی مەسەلەکە سەربەرزکردنەوە و هێنانەپێشەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسییە. بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی خۆی بەهۆی قەیران و بنبەستی سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەیەیی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا هێنرایە پێشەوەو لە ئاڵوگۆڕ و هاوکێشە و هێزهاوسەنگی سیاسی جیهاندا و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا نەخشی بەرجەستەی پەیدا کرد. ئەم بابەتە لە ئەدەبیات و بڕیارنامە حیزبەیەکاندا بە درێژی باسی لێکراوە و خوێنەری پەیوەندیدار دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نوسراوانە. 
خاڵی گرنگ لەم باسە تایبەتەی ئێمەدا ئەوەیە کە مەترەحبونی ئیسلامیەت، یاساکانی شەریەعەت و ئاداب و مەوازینی ئیسلامی لەوانەش پۆشاک و جلوبەرگی ژنان، هەمووی ڕەنگدانەوە و ئاکامی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسییە. دەتوانرێت تیرۆریزمی ئیسلامی لە رۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بە بەشی سەربازی، وە بڵاوبونەوەی دادگاکانی شەریعەو قوتابخانە و مزگەوتی ئیسلامی و حیجاب و بورقوع و بورکینی و تەنانەت چاوپۆشینی دەوڵەتەکان لە کوشتنە ناموسیەکان بە باڵی سیاسی -دیبلۆماسی- فەرهەنگی ئەم بزوتنەوەی بە حساب بهێنرێت. بەبێ کۆماری ئیسلامی ئێران و داعش و قاعدە و بزوتنەوەی شەباب و بوکۆحەرام و ئیسلامییە دڕندەکانی تر نەهەواڵێک لە یاساکانی شەریعە و مزگەوت و قوتابخانەی ئیسلامی دروستکردن لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکاندا دەبوو وە نە مەسەلەی حیجاب و بورقوع و بورکینی دەبوە جێگای باس و گفتوگۆکردن وە تەنانەت نە کەسێکیش دەکەوتە ناو باسی "گفتوگۆی شارستانیەتەکان" و ڕێزگرتن لە "فەرهەنگی ئیسلامی" و هۆشداریدان لەبەرامبەر "ترسی ئیسلام" و دڵنەوایکردنی "ئیسلامی میانەڕەو" .. هتد. ئەمانە هەموی هۆکار و ئاکامەکانی ئیسلامی سیاسیە. 
ناسینی کرۆکی سیاسی گەشەی ئیسلامیزم لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەو مانایەیە کە بە فێرکردن و ڕۆشنگەری و کاری فەرهەنگی وە یان بەرخوردی یاسایی ناتوانیت بچیتە جەنگەوە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا. پێویستە بکەویتە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی بە ناونیشانی یەک پەدیدەی سیاسی و گشتی. حیجاب و ئاپارتایدی جنسی لە شێوازی جۆراوجۆردا پەرچەمی یەک بزوتنەوەی بێئەندازە دواکەوتوو و دژە ژنە کە لە ڕوی تیۆرییەوە پشتی بەستوە بە بنەما یاسایی وشەرعی و ئاکار و ڕەوشت و دەمارگیری سەردەمی کۆنی ئیسلامی وە لە ڕوی سیاسیشەوە ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ بنبەست و بێئاسۆیی و قەیرانی هەمەلایەنەی سەرمایەداری ئەمرۆ لە رۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. بنەمای کارکردن ڕوبەڕوبونەوە و خەباتی سیاسییە لەبەرامبەر ئەم بزوتنەوەیەی ئیسلامی سیاسیدا. پێویستە ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی و ئیسلامگەرایی بگیرێت بە ناونیشانی پەرچەمی بۆرژوازی وڵاتانی ئیسلامزەدە بۆ پچرینی بەشی زیاتر لە مەیدانی سیاسەت و ئابوری جیهاندا وە پوچەڵکردنەوەی خواست و کارکرد و نەخشی ئامڕازەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە ستراتیژی بۆرژوازی رۆژئاودا. پێویستە تیرۆریزمی ئیسلامی نەکە تەنها لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە دەستدەدەنە کردەوەی خۆکوژی بەڵکو تیرۆر و دڕندەیی و تاوانگەلێک کە هەر رۆژە لە کۆمەڵگا ئیسلامزەدەکاندا و بەتایبەتیش دژ بە ژنان پیادەی دەکەن بدرێنە بەر ڕەخنە و هێرش. پێویستە ئەو ڕاستیە بخریتە پێشچاوی خەڵکی جیهان کە ئیسلامی میانەڕەو و توندڕەو و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و دژی رۆژئاوا جیاوازیەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە و بەڵکو هەمویان بەشەکانی یەک بزوتنەوەی بێئەندازە دواکەوتوو و دژە مرۆییە کە بەتەواوی لە بەرامبەر مەدەنیەت و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ئازاد و یەکسان و بەتایبەتیش بۆ ژنان ڕاوەستاوە. پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بخرێنە ژێر فشارەوە تا پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی خۆیان ببڕن لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسلامی لە جۆری کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوێنەر و ڕوخساری تاوانکارییە لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا. پێویستە دڵنەوایی و سازشی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە بەرخورد بە "ئیسلامی میانەرەو"، ڕابەرداتاشین لە ناو مەلاکان و موفتیەکاندا بۆ پەنابەرانی هەڵاتوو لە کۆمەڵگا ئیسلامزەدەکان و چاووپۆشین لە یاساکانی شەریعەت و کارەساتەکانی لە جۆری کوشتنە ناموسیەکان لە وڵاتانی ئەوروپایدا ڕەخنەبکرێت و پوچەڵبکرێتەوە و لێبڕاوانە ڕوبەڕویان بینەوە. پێویستە لە بەرامبەر ڕاسیزم لە وڵاتانی ڕۆژئاوایدا بوەستینەوە و ئەوە نیشانبدرێت کە دژە پەنابەریی و دژە بێگانەیی ڕویەکی تری ئیسلامیەتە و تەنها بە بەهێزبونی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی تەواو دەبێت.
بەم پێیەو لە چوارچێوەی ئەم خەباتە سیاسیەدایە کە بەرخوردی فکری - فەرهەنگی وە یان یاسایی بە مەسەلەی وەکو بورقوع و حیجاب مانا و ڕێوشوێنی خۆی پەیدا دەکات. بەرگریکردن لە سکۆلاریزم و ئاتەئیزم و ڕۆشنگەری سەبارەت بە ناوەڕۆک و خەسڵەتی کۆنەپەرستانەی ئیسلام و هەموو مەزهەبەکان وە لە لایەکی ترەوە بەرگریکردن لە بەها جیهانی و هاوبەشە مرۆییەکان و ڕەخنەگرتن لە دیدگاکانی جۆری پۆستمۆدێرنیزم و فەرهەنگی ڕێژەیی (نسبیەتی فەرهەنگی) کە نەخشی هاندان و ئاڕاسەکردنی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە وڵاتانی رۆژئاوادا جێبەجێدەکات، لایەنە جۆربەجۆرەکانی یەک ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی هەمەلایەنەیە لەگەڵ دیاردەی ئیسلامیزمدا. 
ئەم خاڵەش پێویستە زیادبکەم کە قەدەغەکردنی یاسایی نابێت بە هوشیاری و ڕۆشنگەریەوە ببەسترێتەوە. بنەمای بەرخوردی یاسایی بە یاسا و ڕێوڕەسمە مەزهەبیەکان ئاتەئیزم و دژایەتیکردنی مەزهەب نییە بەڵکو ناکۆکی و دژایەتیبونیەتی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوندا. بورقوع بە کەسایەتی و شوناسنامەی ژن و سەرەتایترین هەلومەرجی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە نیوەی ئەندامانی کۆمەڵگا ناکۆکە، خەتەنکردن دژایەتیکردنی جەستەی منداڵانە، بورکینی بە سودوەرگرتنی ژنان لە ئاو و خۆر و بەشداریکردن لە وەرزشە ئاویەکان و مەوازینە تەندروستیەکانی مەلەکردن لە مەلەوانگە گشتیەکاندا ناکۆکی هەیە، وە زۆرێکی تر لە یاسا و ئەحکامە شەرعیەکانی تری لەم جۆرە. تەنانەت سەربڕینی شەرعی گیانداران و لە ئازارەوەگلاندنیان ناکۆکە بە مافی گیانداران و پێویستە کۆتایپێبهێنرێت. بەم هۆیەوەیە کە هەموو ئەم یاسا و ڕێوڕەسمە دواکەوتوانە پێویستە نایاسایی و بەتاوان ئەژماردبکرێن. بە قەدەغەکردنی یاسایی ناتوانرێت بیروباوەڕە مەزهەبی و ژەنگگرتوەکانی کە بۆتە هۆکاری ئەم کردەوە و بۆنە و نەریتانە بگۆڕدرێن بەڵام دەتوانرێت تاک و کۆمەڵگە لە هێرشی ئەم بۆنە و نەریتە دواکەوتوو و ژەنگگرتوانە بپارێزرێت. ڕەخنەلێگرتن و ڕەتکردنەوەی تیۆری و عەقیدەیی ئایین یەک ئەرکی هەمیشەیی ئێمەیە بەڵام نابێت پاشەکشەپێکردن و شکستپێهێنانی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبگەرایی لە ناو حکومەت و یاسا و ڕێوڕەسم و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا گرێبدرێت بە یەکلاکردنەوەی تیۆری لەگەڵ ئایندا. هەروەک چۆن کە سەبەرزکردنەوە و بڵاوبونەوەی ئیسلامی سیاسی بە هەموو پەیام و ئاکامە کۆنەپەرستەکانیەوە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا لە بیروباوەڕی تاکەکانەوە نەشونومای نەکردوە، هەربۆیە شکستپێهێنانی ئیسلامی سیاسی نەبەستراوەتەوە بە دەستکێشانەوەی تەواوی تاکەکان لە بیروباوەڕە دینیەکانیان.
ئەنتەرناسیوناڵ: بە بۆچونی ئێوە ڕێگای ڕوبەڕوبونەوە بە دڵنەوایکردن و سازشکردن لەگەڵ ئیسلامیزمدا لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکاندا چییە؟ لە ڕوی پراتیکییەوە چۆن دەتوانرێت ڕوبەڕوی هەژمونی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە فکری و سیاسیەکانی ئیسلامگەرایی لە ڕۆژئاوادا ببینەوە؟
حەمید تەقوایی: بنەمای بەرخورد وە بیانوی بەرگریکردنی زۆرێک لە لیبڕالەکان و بەناو چەپەکان لە ئیسلامیزم لە رۆژئاوادا مەڵتی کەڵچەریزمە (فرە کەلتوری) کە خۆی ڕیشەکەی لە بۆچونی کۆنەپەرستانەی پۆست مۆدێرنیزمدایە. لایەنێکی تری ئەم جۆرە تێڕوانینە دەستشۆردنە لە مۆدۆرنیزم و پڕەنسیبە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر گروپە مەزهەبی - میللی - قەومییەکاندا. لە بیرکردنەوەی پۆست مۆدێرنەدا مەدەنیەت و مافی هاوڵاتیبون بەمانای تایبەت و تەواوی وشەکە ڕەتکراوەتەوە و ئینکاریلێکراوە و جێگای خۆی داوە بە کۆمەڵگای مۆزائیکی تێکەڵکراو لە قەومەکان و خێڵەکان و مەزهەبەکان و حکومەتە پێکهاتوەکان لە سەرانی خێلەکان و دین و مەزهەبەکان. ناوەڕۆک و پێکهاتەی واقعی پۆست مۆدێرنیزم لە خۆیدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵگاکانی سەدەکانی ناوەڕاست وە لەڕاستیدا گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش مۆدێرنیزم نوێنەرایەتی دەکات.
گفتوگۆ باوەکانی نێوان بەناو ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە گفتوگۆ و مامەڵەکردن لە نێوان شارستانیەتەکاندا وە ڕیزگرتنی ئەوانی تر و بەرگریکردن لە مزگەوتەکان و قوتابخانە ئیسلامیەکان و حیجاب و هەموو دابونەریتە کۆنەپەرست و دژە ژنی ئیسلامی بەناونیشانی "فەرهەنگی خەڵکی موسڵمان" لە ڕوی تیۆرییەوە ئەمە ڕەتکردنەوەی شوناسی هاوبەش و بەها و مافە جیهانیە مرۆییەکانی کردۆتە نیشانە. لەم ڕوەوە خەباتکردن لەبەرامبەر تیرۆریزمی ئیسلامی و هەژمونی ئیسلامیەکاندا لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکاندا جیاکراوە نییە لە خەبات دژ بە پۆست مۆدێرنیزمدا.
بنچینەی کاری ئێمە کۆمۆنیستەکان و هەر تاک و حیزب و هێزێکی سکۆلار و ئازادیخواز کە نەیاری گەڕاندنەوەی کۆمەڵگاکانە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕێکخستن و هاندانی یەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییە دژ بە ئیسلامی سیاسی وە بەرگریکردن لە بەها هاوبەش و جیهانیە مرۆییەکانە. بنەماکانی ئەم بزوتنەوەیە بریتین لە ڕەخنەگرتنی سیاسی لە ئیسلامیزم، نیشاندانی خەسڵەتی چینایەتی و ماهیەتی دژە مرۆڤایەتیانەی، هەروەها ڕۆشنگەری سەبارەت بە پێویستی و خواست و کارکردی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە سیستمی سەرمایەداری ئەمرۆدا وە سکۆلاریزم ، ئاتەئیزم و دژیاتیکردنی ڕاسیزم و پۆست مۆدێرنیزم پایەکانی ئەم بزوتنەوەیە پێکدەهێنن. سەرکۆنەکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر تاوانکاری دەوڵەتەکان و هێزە ئیسلامیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەرحەق بەخەڵکی ولاتانی ئیسلامزەدە، ڕوبەڕوبونەوەی چالاکانە دژ بە هەژمونی ئیسلامیەکان لە ڕۆژئاوا و هێرشەکانیان بۆسەر مافەکانی خەڵکی ناوبراو بە ئیسلام لە وڵاتانی ئەوروپاییدا، و بەرگریکردن لە خەباتی ڕەوای خەلکی وڵاتانی ئیسلامزەدە بریتین لەو ئەرکانەی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە دژ بە ئیسلامی سیاسی. حیزبی ئێمە ماوەیەکی زۆرە دەرگیری ئەم نەبەردیەیە و من هەموو ئەکتڤیستەکان و هێزە چەپ و سکۆلار و ئازادیخوازەکان بانگەواز دەکەم کە بەئەم بزوتنەوەیەوە پەیوەستبن.

٢/٩/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد
ئەم گفتوگۆیە لە ئەنتەرناسیوناڵی ژمارە ٦٧٦ دا کە بڵاوکراوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانە بڵاوکراوەتەوە.