چاوپێکەوتنی " بۆ پێشەوە" لە گەڵ سمیر نوری!

  بۆپێشەوە: ئێستای خۆپیشاندانەکانی عێراق چۆنە؟

سمیر نوری: خەڵکی شۆڕشگێڕی عێراق دوای سێ مانگ لە خۆپێشاندان دەست وپەنجە نەرم کردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و هێزە میلیشاکان و حکوموتی تایەفی- قەومی و جمهوری ئیسلامی دا، ئەم هەفتەیە توندپێچێکی چارەنوسازیان بەڕی کرد، دوای ئەوەی کە هێزە ئیسلامیەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ویستیان خەڵک ڕاکێشنە ناو گێژاوی بزووتنەوەی دژی ئەمەریکایەوە بەشێعاری " نا نا بۆ ئەمریکا" کە موتەئەسیفانە بەشێک لە هێزە چەپەکانیش چی لە ئاستی جیهان چی لە داخل خەریک بوو بۆ ئەم شیعارە دەستیان بەسنگەوە دەگرت، بەڵام خۆێشاندەران زۆر ئاگاهانە ڕێگەیان نەدا شۆڕشەکەیان بەم کارە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ بکرێتەوە، دەستەکەی مقتەدا سەدریان خوناساکردەوە. بۆیە ناچار گۆڕپانی تەحریری بەجێ هێشت دوایی خۆپیشاندانە ملیونیکەی بۆی بووە شکستێکی تر. ئێستا شۆڕشی لاوانی ئازادیخوازی عێراق ڕوو بەڕووی گەورەترین هەڵمەتی دڕندانە دەبێتەوە مەیدانەکانی بەسرەو وتەحریر و حەبووبی هەڵمەتی دڕندانەیان کرایە سەر چادر وخیوەتەکانیان سوتاند، بەڵام شۆڕشگێڕان دژ بەم کارەش راوەستاون هەر ئێستا ئەوان دژە شۆڕشەکان شكستیان خواردوە.

              بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان لەخۆپیشاندانەکانی عیراقدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟

سمیر نوری: من نازانم بە چی ئەوترێ چەپ لەلای ئێوە، من هەموو ئەو لاوانەی داوای هاوڵاتی بوونی یەکسان و ژیانی شایەستەی ئینسان و جیای دین لە دەوڵەت دەست کۆتاکردنی دین لە دەوڵەت و دەرپەڕاندنی ئێران لە عێراق دەکەن بە چەپ دەزانم. من ئەم شۆڕشە بە شۆڕشێکی چەپی دەزانم واتە گشت بزووتنەوەکە چەپیە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم و هەڵتەکاندنەوەی لە بیخەوە و دژی پرۆسەی سیاسی و حکومەت و دەستور هەموو ئیسلامی سیاسی دەبینم ئەمە ئیتر چەپی ترین شتێکە ئەمڕۆ بخرێتە ڕوو.

ئەگەر مەبەستان گروپ وڕیکخراو و ئەحزابی کۆمۆنستی و چەپیە هەر یەکە بەپێی تیروانینی خۆی بەشدار بووە یان نەبووە، هەیە بە کۆنەپەرست و دەستی ئەمەریکای دەزانی، هەیە بە دەستی تەرەفێکی بورژوازی دەزانێ تێێشیاندا هەیە بە پرۆسەیەکی چاکسازی لەم نیزامە تەماشای دەکات. ئەوەندەی بە حزبی ئێمە بگەڕیتەوە بە شۆڕشی دەزانین هەموو هێزی خۆمان بۆ سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە بە گەڕ خستوە.

0-  بۆپێشەوە: بەشی هەرە زۆری داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، لەوانە" هەلی کار، ئەمنیەت، خزمەتگوزاری، ئازادی..." داخوازی چەپ و کۆمۆنیستەکانن، هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری خۆپیشاندانەکانی عێراق، بگێڕن؟

سمیر نوری: لەم داواکاریانەی ئێوە باسی دەکەن گرنگتر شەری دەسەڵاتی سیاسیە،کۆمۆنستەکان لە کۆمەلگە لەوانەیە بیست ساڵ لەسەر داواکای شەڕ بکەن بەڵام ڕۆژانێک دێتە پێشەوە دەسەڵات ئەبێتە ئەولەویەت ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە. شەڕ شەڕی دەسەڵاتە، ئەمڕۆ مەسەلی سەرەکی کێشمە کێشە لەسەر دەسەڵات، ئەمە مانای ئەوە نیە نابێ داواکاری بەرز بکرێتەوە بەڵام داواکاری لە پەیوەند بە یەکاڵا کردنەوە دەسەڵاتەوە دەبێ بخرێتە ڕوو. هەر هێزێک وحزبێکی سیاسی ئەگەر مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی نەخاتە ئەولەویەتی خۆیەوە ئەوە دەبێ ناوی حزبی سیاسی لە خۆێ بکاتەوە. پێم وایە باسی"حزب و دەسەڵاتی سیاسی " مەنسوری حکمەت ئەمەی زۆر بە دروستی بەیان کردوە.

ئەمە یەکەم هۆیە کە کۆمۆنستەکان نەتوانن ڕابەرایەتی بکەن، یان تۆ ئەگەر وەڵامی ڕۆژت پێ نیە دەرک ناکەی بەئەرکە دەسبەجێکان تۆ لەکاروانەکە جێ دەمێنی. ئەنجا کۆمۆنستەکان لە دڵی ڕوداوەکاندا چالاکن بەڵام هێشتا بۆ ناتوانن ڕابەرایەتی بگرنە دەست؟ ئەم کارە دەبێ کۆمۆنستەکان بتوانن قسەی دڵی خەڵک بکەن ببنە جێ متمانەی خەڵک شۆڕش دەربارەی نەفیە بە گشت دەسەڵات تۆ ئەگەر ئەم نایە نوێنەرایەتی نەکەی زۆر بەتەما مەبە جێگایەک داگیر بکەی لەم بزووتنەوەیەدا، خەڵک خەریکی شەری دەسەڵاتن، تۆش خەریکی بیمەی بێکاری ڕۆشنە چی جێگایەک دەگری لەم بزووتنەوەیدا. مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیدا بزووتنەوەی دژی تەحزوب کاری خۆی کردوە، تۆ ئەگەر هەوڵنەدەیت ببی بەحزبێکی گەورە کە خەڵک پێێان وابێ تۆ ئەتوانی کۆمەلگە ئیدارە بکەیت ڕابەرایەتی هەروا ئاسان نیە بدرێتە دەستت، بۆ ئەوەی ببی بە حزبی گەورە وحزبی قودرەتی سیاسی هەر لە ناو میکانیزمی ئەم شٶڕشەدا لە ئێستادا دەبێ ئەم حزبە شکڵ بگرێت.

بۆپێشەوە: دەوترێت بەشێوەی گشتی خۆپێشاندەران، لەگەڵ حزبیەت نین و تەنانەت دژی کاری حزبایەتین، چەپ چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان تا ڕۆڵ و گرنگی کاری حزبی و رێکخراو خۆشەویست بکاتەوە؟

سمیر نوری: ئەحزابی ئیسلامی و قەومی و حزبی شیوعی عێراقی وێنەیەکی زۆر قێزەونیان لەسەر حزب و تەحەزوب داوە بەدەستەوە لەم بارەیەوە خەڵکی لەسەر حەقن دژی تەحەزوب بن. بەڵام ئەمە هەموو ماجراکە نیە دەیان لاوی کچ کوڕ دەیانەوەی لە حزبی ئێمە نزیک ببنەوە ببنە ئەندامی حزبەکەمان ئەرکی ئێمەیە زەرورەتی حزب و تەحەزوب لەکۆمەڵگەدا پێشان بدەین ئاگای سۆشیالستی خەباتکارانەیان ببەینە سەرەوە. وەک لەسەرەوە وتم تۆ بۆ ئەوەی حزب خۆشەویست بکەیت دەبێ قسەی دڵی ئەو بکەیت، دەبێ نوێنەرایەتی نەفی بکەیت لەم شۆڕشەی ئەودا، ڕابەری حەکیمانە پێشان بدەیت بەرەو پێشی ببەیت، هێز بخەیتە سەر هێزی ئەو، کادر خۆشەویست پڕ نفوز بخەیەتە نێویانەوە، بەرنامەی درست مەترەح بکەیت، ڕۆژانە لە ریزی پێشەوەی ڕووبەڕوکاندا کۆمۆنستەکانی لە هاوشانی خۆیان ببین، ڕاگەیاندنی فراوان و ماکرۆت هەبێ شان بدا لەشانی دەزگا پان فراوانەکانی بورژوازی.

 بۆپێشەوە: زۆرێک لە حزب و رێکخراو و  گروپە چەپەکان، ئامادەییان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، نزیکایەتی ئەو حزب و رێکخراو گروپانە لەگەڵ یەکتری لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا بیر لەکاری هاوبەش کراوەتەوە؟

سمیر نوری: ئاستی هاوکاری هێزە ڕیکخراوە کۆمۆنستیەکان لە نزمترین ئاستدایە، بەشێکی دەگرێتەوە بۆ تێگەیشتنی جیاواز و بەشێکی تری دەگەرێتەوە بۆ سکتاریزم. من بڕوام بەو قسەیەی مارکس هەیە کە دەڵێ "هەنگاوێکی پراکتیکی باشترە لە دەستەیەک بەرنامە" ئەمڕۆ ئێمە وەزیفەمانە بەیەکەوە کاری هاوبەش بکەین هەنگاوە هاوبەشەکان دیاری بکەین، ئێمە وەک حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق هەوڵی پراکتیکیمان داوە لەم ئاراستەیەدا بەڵام سەرنجامی نەبووە تا ئێستا.

                  بۆپێشەوە: بەگشتی چەپ و کۆمۆنیستەکان، پرۆژەیان چییە، بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکان؟

سمیر نوری: ئێمە نزیەکەی هەشت مانگ پێش لە ئێستا "پلاتفۆرمی رزگاری خەڵکی عێراق"مان پەسەند کرد و ئەتوانم بڵێم پلاتفۆرمێکی گرنگە ئەگەر کۆمەڵگەی عێراق یان ئاکتڤیستەکان بیگرنە دەستیانەوە ئەو شۆڕشەیان بەرەوە سەرکەوتن دەبات. لە ئێستادا ئێمە لەهەوڵی سەرخستنی شۆڕشداین، گرتنە دەستی دەسەڵاتین لەلایەن خەڵکەوە بەشکڵی شورایی یان هەر شکڵێکی شۆڕشگێڕانە کە لە نێو مەیدانەکانی شارەکاندا شکڵ بگرێت. لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتدارێتی شورایی پێم وانیە جیاوازیەکی زۆر لە نێوان هێزە کۆمۆنستەیکاندا هەبێت، بەڵام لەوانەیە پراکتیزە کردنی ئەم مەسەلەیە جیاوازی لەسەر هەبێ، پێشم وایە جیاوازێکی زۆر عەجایەب و قابلی لێکتنیەگەیشتن لە ئارادا نیە ئەگەر سکتاریزم ڕێگە بدات.

             بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە چۆن دەبینن؟

سمیر نوری: ئێمە دەمانەوێ ئەم شۆڕشە سەرکەێت، ئایندەکەی ئاوەها دەبینین کە سەردەکەوێت ئەم "ئینتفازەیە کۆتایی" نایەت وەک هاوڕێیەک پێش بینی کردبوو کۆتایی دێت، ئێمە خۆمان بەشێکین لەم بزووتنەوەیە، ئەگەر بزانین سەرناکەوێت بە قەولی سادەی خەڵک کوڕی خەڵک بە کوشت نادەین. ئەمە ئایندەی کۆمەڵگەی عێراقە و ئایندەی ئێمەیە بۆ ئەوە نەهاتوینەتە مەیدان بڵێین سەرناکەوین. بەڵام سەرکەوتن شەونخونی دەوێت، ماندوبون و چاونەترسی دەوێت.

ئەم بزووتنەوەیە تەنها بە ئێمە عێراقیەکان پەیوەست نیە، بزووتنەوەیەکی فراوانی ناوچەییە لە لبنانەوە دەست پێ دەکات تا ئێران یەک بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی دژی ئیسلامی سیاسیە ، بەسەرکەوتنی ئەم شۆڕشە ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا تێک دەشکی و گۆڕ گوم دەکات.