بڕیارنامە سەبارەت بە : ڕێکخراوە جەماوەریەکانی چینی کرێکار شورا

 

 

نووسینی مەنسور حکمەت

بڕیارنامە سەبارەت بە :

ڕێکخراوە جەماوەریەکانی چینی کرێکار شورا، سەندیکا

لەبەر ئەوەی؛

١-ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکان،لەپاڵ ڕێکخراوە حیزبیەکانی چینی کرێکار، بناغەیەکی سەرەکین بۆ خەباتی چینایەتی کرێکاران، وە پێشڕەوەی و سەرکەوتن لەو خەباتەدا بەبێ پێکهاتن وبەهێزبوونی ئەم ڕێکخراوانەو یەکگرتووبوونی بەرینی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار لەو ڕێکخراوانەدا ئیمکانی نییە.

٢-چینی کرێکاری ئێران لە مێژووی خۆیدا لەڕێکخراوەی جەماوەری وئاشکراو ئیدامەکار مەحرووم بووەو نەبوونی ئەم ڕێکخراوانە ئێستاش یەکێک لە کەموکوڕییە سەرەکییەکانی خەباتی چینی  کرێکارە لە دژی بۆرژوازی. پڕۆلیتاریای ئێران بۆ دەخالەتکردنی کاریگەرتر لە ئاڵوگۆڕە سیاسییە-کۆمەڵایەتییەکانی داهاتودا و بۆ بەدەستەوە گرتنی دەوری مێژوویی خۆی، دەبێ ئەم کەموکوڕییە لەنێو بەرێ.

٣-مەیل بەرەو ڕێکخراوبوون، داخوازو بۆچونێکە کە لەنێو کۆمەڵانی کرێکاردا دەتەنێتەوەو خەبات بۆ پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانەی خۆی لەدەورەی ڕابردودا لایەنێکی هەمیشەیی بزوتنەوەی کرێکاری بووە. جمهوری ئیسلامی بەردەوام ئەم خەبات وتێکۆشانەی سەرکوت کردوەو هێرشی کردوەتە سەر ئەم ڕێکخراوە جەماوەری و سەربەخۆ کرێکارییانە کە لە جەرگەی شۆڕش وساڵەکانی دواتردا پێکهاتبوون، وە لەبەریەک هەڵی وەشاندون.

٥-لەجەرگەی ئەم هەلومەرجەدا، جمهوری ئیسلامی هەوڵدەدات کە بەتەبلیغ بۆکردن وپێکهێنانی ڕێکخراوی زەردو کۆنەپەرستەکان لە کارخانەکان لەکارگاکان وشوێنەکانی بەرهەمهێنان، داخوازەکانی کرێکاران بەلاڕێدا بەرێ وبزوتنەوەی کرێکاری تەنگەبەر بکاتەوەو بیکێشێتە ژێر دەستی خۆی.

٦-زەخت وزۆری ڕژێمی ئیسلامی بۆ بزوتنەوەی کرێکاری، بوەتە هۆی بەهێزبوونی مەیل وبۆچونی خۆپاریزانەو سەندیکالیستی لە هەندێک کۆڕوکۆمەڵی کرێکاریدا وبەتایبەت لە ڕێکخراوە چەپییە گەلییەکاندا. جگە لەمە تەرەح و بۆچونی زەینی وناکردەیی وەک “سەندیکای نهێنی” کەنەک تەنیا ئیمکانات و پێویستییە واقیعییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لەبەرچاو ناگرین بەڵکو وەڵامی ئەوەش ناداتەوەکە کرێکارانی ئێران پێویستییان بەڕێکخراوەی جەماوەری و ئاشکرا هەیە، لەلایەن هەندێک گروپەوە هێنراوەتە گۆڕێ ئەم بۆچونە، ئەگەرچی لە نێو کرێکاراندا پێشوازێکی بەرینی لێ نەکراوە، بەڵام بەهەر ڕادەیەک پەرەبستێنی، دەبێتەمایەی ئاڵۆزبونی بیری کرێکاران و دەبێتە کۆسپێک لەسەر ڕێگای ڕێكخراوبوونی چینی کرێکار بەشێوەی جەماوەری. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوخاڵانەی سەرەوە ئەو ئەرکە گرنگە دەکەوێتە سەرشانی کۆمۆنیستەکان کە پێشنیارو بۆچونی تایبەتی خۆیان بۆ ڕێکخستنی جەماوەری کرێکار بەڕونی ڕابگەیەنن.

ئەلف: خاڵە سەرەکیەکانی سیاسەتی ئێمە سیاسەتی کۆمۆنیستەکان بۆ ڕیکخستنی جەماوەری کرێکاران دەبێ لەسەر بناغەی ئەم خاڵانەی خوارەوە بێت:

١-خەباتی ئابوری کرێکاران لە ئێران، بەگشتی خاوەنی تایبەتمەندیەکی سەراسەرییەو لەچوارچێوەی ڕشتەیی واوەترە. بەشێوەیەکی بنەڕەتی تیکەڵ بوونی، سەرمایەکان لەڕشتە جۆراوجۆرەکانی بەرهەم هێناندا، خاوەندارێتی دەوڵەتی بەسەربەشی هەرەزۆری سەرمایە پیشەسازییەکاندا، دەوری ئابوری دەوڵەت وسیاسەتە دەوڵەتییەکان لە ڕێکخستنی پەیوەندی گشتی نێوان کارو سەرمایەدا. وەنزیکایەتی ئۆرگانیک و هەرچی زیاتر لێکهەڵپێکراوبوونی ویست وداخوازەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، بووەتە هۆی ئەوەی کە داخوازیەکان وخەباتی کرێکاران لەهەر کارخانەیەک خاوەنی تایبەتمەندی وجێگاوشوێنێکی گشتی بێ و لەچوارچێوەی سنفی واوەتر بێ.

٢-لەم هەلومەرجەدا کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بۆ بەروپێشبردنی خەباتی ئابوری دەبێ پشت بەڕیکخراوی کارگەیی وناوچەیی ببەستن نەک بەڕێکخراوی سنفی و ڕشتەیی کرێکاران.

٣-ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەبێ بنەمای دەخالەتی هەرچی بەرینترو هەڵسوڕاوانەتری کۆمەڵانی کرێکار لە خەباتدا، وەپشت بەدیموکراسی وبەڕێوەچونی ئیرادەی ڕاستەوخۆی کرێکاران ببەستن. لە غەیری ئەم حاڵەتەدا بێگومان بورۆکراسی و بڕیاردان بەجیا لە ئیرادەی کۆمەڵانی کرێکار، لەناو ڕێکخراوە جەماوەرییەکان سەرهەڵدەداو خۆی دەبێتە کۆسپیک لەسەر ڕێگای بەرەپیشچوونی خەباتی کرێکاران.

٤-بزوتنەوەی کرێکاری ئێران، لەجەرگەی خەفەقاندا ولەهەلومەرجێکدا کە خەبات ومانگرتنی کرێکاران بەناچاری لەگەڵ دەوڵەت بەرەوڕوو دەبێ، بەرەو خەباتی سیاسی دەچێ و بۆ هیچ دەورەیەکی درێژخایەن لەئاستی ئابوریداو لە چوارچێوەی نیزام وقانون ویاسای مەوجوددا نامێنێتەوە، بەم بۆنەوە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی چینی کرێکار دەبێ دەبێ لەهەموو هەلومەرجێکدا توانای وەگەڕخستنی جەماوەری کرێکاریان هەبێت ولە چوارچێوەی قانونیەتی بۆرژوازییدا خۆیان نەبەستنەوە.

٥-ئەزمونی بزوتنەوەی کرێکاری لە دەورەی ڕابردوودا لەسەر واقیعیەتانەی سەرەوە تەئکیدی کردوە و شکڵی ڕێکخراوبونی گونجاو لەگەڵ ئەم واقیعیەتانەی دەست نیشان کردوە. ئەم شێوە ڕێکخراوبوونە، ڕێکخراوە شوراییەکانی چینی کرێکارە. لە سەردەمی شۆڕشدا بەشێکی بەرین لە تێکۆشەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ڕویان کردە بزوتنەوەی شورایی و لە زۆر یەکەی بەرهەمهێناندا شورای کارگەو لە هەندێک ناوچە شورای ناوچەیی کرێکاران پێکهاتن ئەم بزوتنەوەیە بەهۆی سەرکوتی ٣٠خورداد و خەفەقانی دوایی ئەو دەورەیە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکتردا بەشکڵی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی درێژەی پێ دەدرا، وە ئێستایش داخوازی پێکهێنانی شورا مەیلێکی بەرین و گشتییە لە نێو کۆمەڵانی کرێکاردا.

بەلەبەر چاوگرتنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، ئێمە ڕایدەگەیەنین:

١-دروشمی سەرەکی سیاسەتی گشتی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بواری ڕیکخستنی جەماوەری کرێکاراندا بریتییە لە تەبلیغکردن و هەنگاو هەڵگرتن بۆ پێکهێنانی شورا کرێکارییەکان وڕێکخستنی شورایی چینی کرێکار.

٢-ئێمە ڕێکخراوی شورایی چینی کرێکار بەناوەندو میحوەری ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار و پاڵپشتی باقی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەزانین و بۆ پەیوەستکردنی باقی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بەڕێکخراوی شورایی چینی کرێکارەوە، تێدەکۆشین.

٣-ڕێکخراوی شورایی، پێشڕەوترین شکڵی ڕێکخراوبوونی جەماوەری کرێکارانە و دەبێتە مایەی ڕێکخراوبوونی بەشی متمرکزو پێشڕەوی چینی کرێکار لە پیشەسازییەکان و یەکە گەورەکانی کاردا. لەم ڕوەوە ئێمە بۆ بەرپاکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سەراسەری شورایی چینی کرێکار خەبات دەکەین، سەڕەرای ئەمە لە کارگە بچوکەکاندا وبەگشتی لەو بەشانەدا کەبەهۆی جێگاو شوێنی ئابوریان ژمارەیەکی کەمتر لەکرێکاران تییاندا کۆبونەتەوە. یەکێتی پیشەیی لە چاو یەکێتی شوێنی کار، دەبێتە هۆی ئەوەی کرێکاران بەرانبەر بە سەرمایەداران بەهێزو تواناتربن، کرێکاران بۆ پێکهێنانی یەکێتیە پێشەییەکان بانگەواز دەکەین و بۆ پێکهێنان خەبات دەکەین. ئێمە هەوڵ ئەدەین کە ڕێکخراو و یەکێتیەکانی ئەو بەشانە پەیوەندیەکی نزیک و پتەویان لەگەڵ بزوتنەوەی سەراسەری شورایی چینی کرێکار هەبێ.

ب:تایبەتمەندیەکانی شوراکانی کرێکاران:

تایبەتمەندیەکانی شوراکان و چۆنیەتی ڕێکخراوبوونی شورایی کرێکاران، کەدەبێ لە تەبلیغاتی ئێمەدا بەرچاو بگێڕین بریتن لە:

١-شوراکان لە خوارەوە پێکدێن و تایبەتمەندی سەرەکییان بریتییە لە دیموکراتیزم و بەڕێوەچوونی ئیرادەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی کرێکار.

٢-شورا بریتییە لە کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراو و شکڵ پێدراوی کرێکاران لەهەر یەکەیەکی بەرهەمهێناندا. هەموو کرێکاران ئەندامی شورایی ئەو یەکەیەن وکۆبونەوەی گشتی کرێکاران، پەیکەرەو ئۆرگانی بڕیاردەری شورایە. کۆبونەوەی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی خۆی کەسانێک (وەک کۆمیتەی بەڕێوەبەر وە یا بەهەر ناوێکی تر) هەڵدەبژێرێ. ئەو کەسانە لە هەموو کۆبونەوەیەکی گشتیدا دەکرێ وەلابنرێن وە یا هەڵبژێردرێنەوە.

٣-لەکارخانە گەورەکان کە پێکهێنانی کۆبونەوەی گشتی هەموو کرێکاران مەیسەر نابێ، شورای کارخانە لە نوێنەرانی چەندین کۆبونەوەی گشتی بەشە جۆراوجۆرەکان پێک دێ.

٤-ڕێکخراوی سەراسەری شوراکان ڕێکخراوێکی هەرەمیە کە شورا فابریکیەکان، یەکەی بناغەیی ئەو ڕێکخراوەن لە ئاستی سەرەوەتر لە فابریکەکان، شورای نوێنەرانی فابریکەکان، شورای نوێنەرانی شورای کارخانە پێک دێ(و لەئاستی سەرەوەتریش هەربەم جۆرەیە).

٥-سیستمی شورایی بەمەعنای ئەوە نییە کە یەکێتیەکان وجودیان نەبێ و لەو شورایانەدا یەک نەگرن. ئەو بەشانە کە ئیتیحادیە شێوازێکی گونجاوە بۆ ڕێکخراوبونیان، دەتوانن لەئاستێکی دیاریکراودا نوێنەرانی خۆیان بنێرنە شوراکانی نوێنەرایەتی و بەم جۆرە ڕابگەیەنن کە سەر بەڕێکخراوی سەراسەری شوراکانن.

٦-سیستەمی شورایی ئەو ئیمکانەی هەیە کە چینی کرێکارو زەحمەتکێشان لەلایەنی ترداو لە شکڵ و قەوارەی کۆمەڵایەتی دیکەدا لەخۆی هەڵپێکێ شوراکانی دێهات وە یا شوراکانی سەربازان، دەتوانن لە ئاستێکی دیاریکراودا بەم بزوتنەوەیەوە پەیوەس بن. بزوتنەوەی هەرەوەزییە کرێکاریەکان… تاد، دەتوانن بەیەکەوە بە شەبەکەی شووراکانەوە پەیوەست بن.

ج:بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی:

 

وەک یەکەمین هەنگاو بۆ ڕێکخستنی شورایی کرێکاران و وەک ڕێگاچارەیەکی دەستبەجێ و دەم ودەست بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە کە بەهۆی نەبونی ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکانەوە پێکهاتووە، حزبی کۆمۆنیست خوازیاری پێکهاتن وپەرەگرتنی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتییەکانی کرێکاران لەکارخانەکان و یەکەی بەرهەمهێنەرو ئابورییەکان پێکبهێنرێ، ئەو کۆبونەوە گشتیانە لێکهەڵپێکرێن و لەم ڕێگایەوە هەرچی خێراتر ئامرازێکی کاریگەری تەشکیلاتی و ڕابەرییەکی عەمەلی کەم تا زۆر سەراسەری بۆ خەباتی ڕۆژانەی کرێکاری پێکبهێنرێ.

بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی کەدەبێ بەتێکۆشانی وشیارانەی کرێکارانی کۆمۆنیست بەرپابکرێ، ئەولایەنە بەهێزەشی هەیە کە لەهەمان کاتدا کە یەکەمین هەنگاوە بۆ ڕێکخستنی شورا کرێکارییەکان، هەر ئێستا لەبەرئەوەی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا زەمینەیەکی زۆرباشی هەیە دەتوانی بەخێرایی ئامانجەکانی خۆی وەدی بێنی واقیعییەتەکانی ئێستای بزوتنەوەی کرێکاری ئێران ڕاست و ڕەوابونی ئەم سیاسەتە بسەلمێنن.

١-واقیعیەتەکانی دەورەی ڕابردووی خەباتی کرێکاری بەڕونی ئەوە نیشان دەدەن کە هەر ئەمڕۆ کۆبونەوەی گشتی وەک ویست و داخوازێک لەنێو بزوتنەوەی کرێکاریدا جێگیر بووەو لەنێو کۆمەڵانی کریکاردا کۆبونەوەی گشتی دیاردەیەکی ناسراوە. لەدەورەی ڕابردودا کرێکاران بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی خۆیان و بەرەوپێشبردنی خەباتی خۆیان و بەرانبەر بە ڕێکخراوە زەردەکان و بەکردەوە زۆر جار کۆبونەوەکانی خۆیانیان تەنانەت لەژێر ناوی کۆبونەوەی گشتیدا بەڕێوە بردووە.

٢-هەر تەرحێک بۆ ڕێکخستنی کرێکاران بەشێوەی جەماوەری و ئاشکرا تەنیا کاتێک دەتوانێ کۆمەڵانی بەرینی کرێکار بگرێتە خۆی و بەڕێوەبچێ کە هەر ئەمڕۆ و لەهەموو هەنگاوێکی ڕەوتی بەرەوپیشچوونی بزوتنەوەکەدا وەڵامدەرەوەی نیازو پێویستییەکانی خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار بێ، بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی لە شکڵی ئێستای خۆیدا نیشانی داوە کە ئەمەی لێ دەوەشێتەوە.

٣-بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی سیاسی ئێران و تایبەتییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە هەر چەشنە ڕێکخستنی جەماوەری چینی کرێکار، یەکەم لە ئاستی محەلییەوە دەست پێ بکاو دووهەم، پشت بە ڕابەرانی محەلی بزوتنەوەی کرێکاری ببەستی و سێهەمیش، هەر لە ئێستاوە ڕێکخراوەیەکی جەماوەری بێ، کۆبونەوەی گشتی ئەم تایبەتییانەی هەیەو ئەم پێویستییانە بەباشی وەدی دێنێ.

حیزبی کۆمۆنیست و کرێکانی کۆمۆنیست و تێکۆشەر بەگشتی دەبێ لەسەر ئەساسی ئەم زەمینە گونجاوە ئەو بۆچونەی کرێکاران کە دەیانەوێ کۆبونەوەی گشتی بکەنە پاڵپشتی خەباتی ڕۆژانەی خۆیان، بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی وەک جوڵانەوەیەکی وشیارانەو ئامانجدارو بەرین لەنێو کرێکاراندا ڕیکبخەن و پەرەی پێبدەن. کرێکارانی کۆمۆنیست و تێکۆشەرانی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی ئەرکی سەر شانیانەکە:

١-ئیدەی لێهاتویی کۆبونەوەی گشتی وەک ئورگانێکی خەباتکارانەی کاریگەر و بناغەی شوراکرێکاریەکان، وە هەروەها ئاسۆی بەرینتری بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی لەنێو کرێکاران تەبلیغ بکەن و جێگیری بکەن و کرێکاران بانگەواز بکەن کە ببنە تێکۆشەرانی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی.

٢-لەهەر یەکەیەکی بەرهەمهێناندا کرێکاران بۆ پێکهێنانی کۆبونەوەی گشتی بانگەواز بکەن.

٣-بەردەوام هەوڵبدەن بۆئەوەی کۆبونەوەی گشتی بەشێوەی ڕێکخراو پێک بێ (جیاواز لەوەی کە ناڕەزایەتی ومانگرتن لە هەر یەکەیەکدا هەبێ یان نەبێ).

٤-کۆبونەوە گشتییەکان وەک وەک قسەکەری واقیعی بەڕەسمیەت بناسن.

٥-بەردەوام هەوڵ بدەن بۆئەوەی کۆبونەوە گشتییەکان لەگەڵ یەکتر پەیوەندی ئۆرگانیکیان هەبێ.

٦-لەبەستنی قەراردادە دەستەجەمعیەکاندا، لەچارەسەرکردنی ناکۆکیەکاندا و لەدەربڕینی بیروڕاو بڕیاردان لەسەر پێشنیارەکان و ئیقداماتی دەوڵەت هەرچی زیاتر کۆبونەوە گشتییەکان بخەنە گەڕ.

د: سەبارەت بە ئیتحادییە، بەلەبەرچاوگرتنی هۆی جۆراوجۆری وەک ئەوەکە ئیتحادییەکان لەبارەی مێژوویی و کردەییەوە لەپێکهێنانی یەکگرتوویی چینایەتی و لەڕابەریکردنی خەباتی چینایەتی و لەرابەریکردنی خەباتی کرێکاریدا مەحدودیەتیان هەیە، بزوتنەوەی ئیتحادیەیی بەدرێژایی مێژووی خۆی لەگەڵ سیاسەتی سۆشیال دیموکراتیک لێک هەڵپێکراون، ئیتحادیەکان بەرەو دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ دەچن و لەنێویاندا بۆرۆکراسییەکی بان سەری کرێکاران سەرهەڵدەدا، وە سەرئەنجام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەهەلومەرجی ئێستای ئێراندا زەمینەی ماددی بۆ پێکهێنانی ئیتحادیە وجودی نییە، حیزبی کۆمۆنیست سیاسەتی گشتی حیزب بە پێکهێنانی ئیتحادیەکان نانێتە ناوەندی خەباتی خۆی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان. سیاسەتی گشتی حیزب پێکهێنای شورا کرێکاریەکانە لەهەمان کاتدا ڕادەگەیەنین کە:

١-ئازادی بێقەیدوشەرتی پێکهێنانی ئیتحادیەی کرێکاری بەشێکە لەمافی مسۆگەری کرێکاران. بۆ پێکهێنانی هەرچەشنە ڕێکخراوەیەکی سنفی و سیاسی وە ئێمە لێبڕاوانە بەرگری لەم مافە دەکەین:

٢-لە هەوڵ و تێکۆشانی کرێکاران بۆ پێکهێنانی سەندیکا، پشتیوانی دەکەین و یارمەتیان دەدەین.

٣-لەیەکیتیەکرێکارییە سەربەخۆکاندا بەشداری دەکەین، بۆ هێزو توانا بەخشین بەڕێبەرایەتی کرێکارانی کۆمۆنیست لەنێویاندا تێدەکۆشین و لەنێو هەر ئیتحادیەیەکدا هەوڵ دەدەین بۆ یەکگرتووکردن وپتەوکردنی خەتی کۆمۆنیستی.

٤-بۆ نزیککردنەوەی هەرچی زیاتری یەکیەتییەکان لە قەوارەیەکی غەیر بوروکراتیک و بەتایبەت بۆئەوەی هەرچی زیاتر لەئاستی ناوچەییدا پشت بە کۆبونەوەی گشتی کرێکاران ببەستن، تێدەکۆشین.

٥-بەهەر ڕادەیەک کەسیاسەتی ئێمە بۆ پێکهێنانی شورا کرێکارییەکان و پەرەپێدانی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی وەک هەنگاوی یەکەم، لەگەڵ هەوڵ وتێکۆشانی کۆڕو کۆمەڵە کرێکارییەکان و جەرەیانە تێکۆشەرەکانی لایەنگری ئیتحادیە هاوجیهەت بێ (بۆنمونە پێکهێنانی کۆبونەوەی گشتییەکان کە هەندێک لە لایەنگرانی پێکهاتنی ئیتحادیە تەئید دەکەن) ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەو کۆڕوکۆمەڵ و جەرەیاناتە هاوکاری بکەین.

تایپ کردنەوەی کاوە عومەر

تێبینی:-ئەم نوسینەی سەرەوە بڕیارنامەیەکە کەلەلایەن مەنسور حیکمەتەوە بۆ پلینۆمی دەیەمی کۆمیتەناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نوسراوە ولەوێدا پەسەندکراوە

لەبەر گرنگی بابەتە کە بەپیوستمان زانی جارێکیتر تایپی بکەینەوەو بۆ سودوەرگرتنتی بوزوتنەوەی کۆمۆنیستی وکریکاری بیخەینەوە بەردیدەی خوێنەران وهەڵسواڕانی کۆمۆنیست وکریکاری.