لەبەرامبەر سەرکوتی ئازادیدا دەنگ هەڵبڕن

بەپێ ئەو هەوڵێک کەلە ژینۆ هاوسەری شیروان شیروانیەوە کە ڕۆژی ٧\١٠ نیاز عەبدوڵای ڕۆژنامەنوسی لێ ئاگادارکردوەتەوە هێزکی دەمامکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و شیروان شیروانی ڕۆژنامەنوس وچالاکوانی مەدەنیان بۆ جاری چوارهەم دەستگیر کردوە.

ئەوە یەکەم جار نیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وبەتایبەتیش پارتی دیموکرات دەست بۆ سەرکوتی ئازادی ئەبەن و هەڵسوڕاوانی سیاسی وجەماوەری وڕۆژنامە نوسان دەستگیر دەکەن وهەڕەشەیان لێدەکەن وتریرۆریان دەکەن،هەر لەسەرەتایی دەسەڵاتدارێتیانەوە بەداخستنی بارەگای ڕەوتی کۆمۆنیست لەناوچەی بادینان ودواتر ڕفاندن وتیرۆری نەزیر عومەر ناسراو بە(ئارام) ودواتر ڕیناس وڕەئوف ئاکرێی و سەردەشت عوسمان وچەندینی تر وتەقەکردن لە خۆپیشاندەران وسوتاندنی بنەکەو بارەگای حزبەکانی تری ژێر دەسەڵاتیان کارنامەی چەند ساڵی ڕابردویان بوە.لەماوەی رابردودا دەیان هەڵسوراو وچالاکوانیان لە خۆپیشاندانەکانی زاخۆو دهۆک وشێلادزی وهەلێر دەستگیر کردوە کە دیارترینیان مامۆستا بەدەل بەرواریە  وا ئیستاش لەدرێژەی هەمان کاری سەرکوت گەرانەیاندا شیروان شیروانی ڕۆژنامەنوس وچالاکوانیان دەستگیرکردوە.

ئیمە وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق داوای دەستبەجێ وبێ کۆت وبەند ئازادکردنی شیروان شیروانی وهەموو ئەوانەی لەسەر ئازادی دەربڕین ولە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا بۆ دەستەبەری ماف وئازادیە ئینسانیەکانیان دەستگیرکراون دەکەین وداوا دەکەین دەبێت دەستبەجێی و بێ کۆت وبەند ئازادبکرێن وە هەر لێرەوە داوا لەسەرجەم خەڵکی کوردستان وئازادیخوازان و ئینسان دۆستان لە جیهان دەکەین کەلەبەرامبەر ئەم سەرکوت و زیندانی کردن وترساندنانەدا بێدەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕن ئەم کارە سەرکوت گەرانەیە مەحکوم وشەرمەزار بکەن.

نا بۆ سەرکوتی ئازادی

بەڵێ بۆ ئازادی  بێ کۆت وبەندی دەربڕین و کۆبونەوەو ناڕەزایەتی

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق

٩\١٠\٢٠٢٠