بۆردمانی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە مەحکوم دەکەین !!

 

ئەوە چەند ڕۆژێکە بەبیانوی هەڵمەت بۆسەر پارتی کرێکارانی کورستان، بە ناوی هەڵمەت لە دژی تیرۆرزم، دەوڵەتی فاشستی تورکیا بەبێ دەست پاراستن دەستی داوەتە هەڵمەتێکی کۆنەپەرستانەی بێ وێنە لە دژی خەڵکی تورکیا بەگشتی و  لەدژی هێزە چەپەکان بەتایبەتی و هەروەها دەستی داوەتە بۆردومان کردنی ناوچە سنوریەکانی کوردستانی عێراق و بە شێوەیەکی بەربەری و دڕندانە دەیان کەسیان خەڵتانی خوێن کردوە و چەندان گوندیان خاپور کردوەو لە ناوەوەی تورکیاشدا سەدان گەنجاین ڕاپێچی زیندان کردوە.

حکومەتی ئیسلامی و حزبەکەی ئوردۆغان دوای ئەوەی  لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی تورکیا شکستی هێنا، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی تورکیا بەتایبەت هێزە چەپەکان برەویان پەیدا کردو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان گەشەیان سەند، قەیرانەکانی دەسەڵات دارێتی حزبی داد وگەشەسندن کەوتە ژێر مەنگەنەی کۆمەڵگەوە و بەتایبەت هاوکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بە داعش، پایەکانی ئەم دەسەلاتە بەتەواوەتی خستە لەرزە.

تورکیا خۆی روو بەڕووی قەیرانێکی ئابوری قوڵە و هەژاری و بێکاری لە هەموو لایەک بێداد دەکا و کۆمەڵگە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو چەپ وەردەچەرخێ ناڕەزایەتیەکان گەشەدەسێنێ، بۆیە ڕێگایەک لەبەردەم حکومەتی تورکیا و حزبی ئیسلامی دەسەڵاتدار نەما تەنها هەڵگیرسانی جەنگ و نوقم کردنی کۆمەڵگەیە لە کارەساتی جەنگیدا و فرستیش دەدات دەسەڵات هێزە پێشکەوتن خواز وسۆشیالستەکان سەرکوت بکات.

جەنگ دژی پارتی کرێکاران کوردستان تەنها بەهانەیەکە بۆ ئەنجام دانی ئەم جەنگە نەگریسە.

حکومەتی تورکیا بەبیانوی جەنگ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان سنورکانی کوردستانی عێراقی بەزاندوە گەورەترین تاوانی دژی خەڵکی سیڤیل و دانشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام داوە. لەم نێوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ دەربەستانە هێچ هەڵوێستێکی جدیان تا ئێستا نەنواندوە بۆ دیفاع لە هاوڵاتیانی سیڤیلی ئەم ناوچانە بەڵکو خەریکە دەبنە عەبا سوری بەرلەشکری دەوڵەتی فاشستی تورکیا.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق بە توندی مەحکومی بوردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و بانگەوازی خەڵکی کوردستان و جیهان دەکات ڕوو بەڕووی ئەم بەربەریەتەی حکومەتی فاشستی تورکیا ببنەوە. لە هەمان کاتدا هەموو کەین بەین و بێ دنگی و سازشێکی حکومەتی هەریم لەبەرمبەر ئەم تاوانانەدا ڕسوا دەکات.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

١\٨\٢٠١٥