ئازادی لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نایەتە دەرەوە!

حەمیدی تەقوایی

 لە ئێمە ئەپرسن : لە سەرمایەدارێکەوە تا کرێکارێک هەموو تاکێک و دەنگێک. ئایا ئەوە باشترین شێوازی بەشداریکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە نیە لە چارەنوسی خۆیاندا؟

 نەخێر ئەوە باشترین شێواز نییە. ئەوە دەرک و تێگەیشتنێکی باوە لە دیموکراسی و ئازادی کە سەرمایەداری برەوی پێداوە. هەر چەند ساڵ جارێک خەڵک ڕادەکێشنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی لەنیوان حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا یەکێکیان هەڵبژیرن و بڕۆنەوە ماڵەوە. ئەم خەڵکە دەنگدەرە جگە لەم دەنگدانە کە هەر چەند ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، هیچ نەخش و کاریگەریەکیان لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا نیە. دیاری کردنی ئەو چارەنوسە لە ڕێگای خەڵکەوە نیە، بەڵکو سپاردنی چارەنوسە بەدەستی ئەو حیزب و باڵانەی چینی دەسەڵاتدار کە پارە و پێداویستی زۆرتریان هەیە بۆ ململانێکانی هەڵبژاردن. هەڵبژێردراوەکان هەتا بەم مانا سنوردارەی نوێنەرایەتی دیموکراسی دیسان نوینەرایەتی زۆربەی کۆمەڵگا ناکەن بەڵکو بەهۆی ئەو زۆرینە ڕێژەییەی بەشێک لە خەڵك کە لە هەڵبژاردندا بەشداریان کردوە هەڵئەبژێردرێن. کاندیدەکان بە ڕێژە لەسەدیەکانی وەک چل- پەنجا لەسەد لە سی - چل لە سەدی کۆمەڵگا کە لە هەڵبژاردندا بەشداریان کردوە واتە نزیکەی بەڕێژەی لە سەدا بیستی خەڵکی هەموو کۆمەڵگا ئەبنە سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران و ئەندامی پەڕلەمان، وە بە شێوەیەکی ڕەواڵ هەر لەدوای چەند مانگی  یەکەم، و بونی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیان بە بڵقی سەرئاو، هەر ئەو چەند لەسەدیەی دەنگەکانیش لە دەستئەدەن بەڵام هەروەک هەمیشە هەتا کۆتایی دەورەی سەرۆکایەتی و وەکالەتیان"بە بەرپرسانی هەڵبژێردراوی خەڵک" ئەمێننەوە.

ئەوە هەڵبژاردن نیە، شانۆگەری  گێلکردنێکە کە بەناوی دیموکراسیەوە هەر چوار ساڵ جارێک دوبارە ئەبێتەوە .(ئەمە لە وڵاتانێکدا کە بەلانکەی دیموکراسی ناسراون بەمشێوەیەیە لە وڵاتانی وەک ئیرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە تەنانەت لە هەمان ئەو چوار ساڵ جارەشدا، بۆچونی وەلی فەقیە و شورای چاودێری و هتد هۆکاری چارەنوسازترن تا ڕای خەڵک).

ئازادی ڕاستەقینەی خەڵک و بەشداریان لە دیاری کردنی چارەنوسی سیاسیاندا کاتێک مسۆگەر ئەبێت کە یەکەم نەک هەر چەند ساڵ جارێک بەڵکو بەردەوام ڕاوبۆچونیان پێوەری دیاری کردنی بەرپرسان وسیاسەتەکان بیت، وە دوهەم نەک تەنها وەک دەنگدەرێک بەڵکو وەک بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەنجامدەر لە کاروبارو چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگە بەشداربن.

بەدیهاتنی ئەم هەلومەرجە لە گرەوی ڕێکخراوبون و بە ڕیکخراومانەوەی جەماوەری خەڵکدایە. لە کۆمەڵگەی بە ئەتۆمیزەکراوی سەرمایەداریدا کە هەرکەس لە خەڵوەتی خۆیداو لە ژێر بۆمبارانی پڕوپاگەندە و ئەندازیارانی بیروڕای ڕاگەیاندنەکان و چەند حیزبی پەیوەندیدار بە یەک لە سەدی دەسەڵاتدار ئەبێت بڕیار بدات، ڕای تاک تاکی خەڵک ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و ئامانجە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوان نیە. بەڵکو تەنها ئەتوانێت ڕەنگدانەوەی بێئومێدی و بێئەڵتەرناتیڤی و هەڵبژاردنی ناچاری لە نیوان  دوو هەڵبژاردەی خراپ وخراپتردا بێت. باس و ڕاویژو گۆڕینەوەی بۆچونی بەکۆمەڵ و بڕیاردانی بەکۆمەڵ پێشمەرجی سەرەکی و گرنگی وەگەڕخستنی ئیرادەی بەکۆمەڵە. تەنها جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا و لەسەر دەقی باس و ڕاگۆڕینەوە و پرس وڕاوێژ لە شوراکاندا دەتوانێت بەرژەوەندی وئامانجی هەر تاکێکی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە نوینەرایەتی بکەن.

بڕیاردانیش لە شوراکاندا لەکۆتایدا لەسەر بنەمای ڕایی تاکەکانە بەڵام ڕایی تاکێکی ئەندامی شورا بەتەواوەتی لە ڕای کەسیک کە ئەبێت لە گۆشەگیری وتەنیایی خۆیدا ىڕیاربدات جیاواز ئەبێت. یەکەمیان نیشانەی دەسەڵات وئیرادە و هاوڕایی وهاوچارەنوسی تاکە لەگەڵ ئەوانی تردا دووهەمیان نیشانەی گۆشەگیری و بێزاری و لاوازی کەسایەتی وبەربەرەکانێی تاکە لەگەڵ ئەوانیتردا.

 کورتی کەمەوە. سپاردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگە بە بەرپرسان وپلەدارە هەڵبژیردراوەکان لە ڕیگەی زۆرینەی ڕێژەیی بەشێک لە وانەی کە دەنگیانداوە تەنها بەمانای بێمافکردنی خۆتە لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆت و بەس. ئازادی، هەر بەو شێوەیەی کە بزوتنەوەی دەستبەسەراگرتن(اشغال) ڕایگەیاند، لە سندوقی هەڵبژاردنەوە نایەتەدەرەوە بەڵکو بەرهەمی جەماوەری ڕیکخراوە لە ڕیکخراوە شورایی یەکاندا کە ڕاستەوخۆ نەک تەنها لابردن و دانانی بەرپرسەکان بەڵکو بەڕیوەبردنی کاروبارەکان بەدەستەوە ئەگرن. دیموکراسی پەرلەمانی بۆکەمینەی سەرمایەدار کە ئەیانەوێت بەناوی زۆرینەوە بەرژەوەندیەکانی خۆیان ببەنە پێشەوە شێوازیکی گونجاوە بەڵام بەرژەوەندی و ئازادی وخۆشبەختی هەموو کۆمەڵگا لە گرەوی مۆدیل وسیستمی حکومەتێکدایە کە پەرچەمەکەی بەدەستی چینی کرێکارەوەیە: سیستمی شورایی و کاروئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کاروباری کۆمەڵگادا.

٢٤/٤/٢٠١٥

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کاوە عومەر

هیوا ئەحمەد:  پێیدا چوتەوە