تەنها سۆشیالیزم ڕێگا چارەیە!!

پیرۆز بێت یەکی ئایار ڕٶژی جیهانی چێنی کرێکار!!

ئەگەر لە شٶڕشی گەورەی فەرەنساوە تا کۆمۆنەی پاریس بە سەردەمی شٶڕشی بۆرژوازی ناسراو بووبێ، ئەوە لەسەر زمانی  ڕابەران و دامەزرێنەرانی کۆمۆنیزمەوە ئیتر لەم سەردەمە بە دواوە بە سەردەمی شٶڕشە پرۆلیتێرەکان ناسراوە.  سەردەمێک کە ئیتر هەردوو چینە سەرەکیەکەی نیزامی سەرمایەداری لەبەرامبەر یەکدا لە ئاستی جیهانیدا ڕاوەستانەوە بە دژی یەک و بە ئامانجی جیاوە ، ئەو سەردەمە کۆتایی هات کە بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و بۆرژوازی لە شوێنیکدا یەک بگرێتەوە، یان بە مانایەک ئاڵ وگٶرەکان لەبەرژەوەندی هەردوو لا بێت.

جێنی کرێکار لە شٶڕشێکی مەزندا لە ڕوو بەڕوو بوونەوەیەکی سیاسیدا بەسەر بۆرژوزیدا سەرکەوت، شٶڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری بەرپا کرد، بەڵام بۆرژوازی توانی ئەم شٶڕشە لە بار ببات و شکستی پێ بهێنێ ، ئەم شكستە هێندە سەنگین بوو تا ئێستاش ئاسەوارەکانی قورساییان لەسەر جێنی کرێکار  وکۆمنیزم بە جێ هێشتوە.

بۆرژوازی جیهانی شکستی یەکێتی سۆڤیەتی خستە پاڵ  چینی کرێکار و کۆمۆنزم و شکستێک کە دەمێ بوو ڕویدابوو ئەوان لە کۆتایی هەشتا کاندا شاییان بۆ گێڕا و بە دوای ڕوخانی دیوار بەرلێن و شکستی بلۆکی شەرق دا کۆتایی مێژوویان نووسی و سەرکەوتنی بازاری ئازاد و دیموکراسیان ڕاگەیاند. ناویان لێنا نەزمی نوێی جیهان ئەم نەزمە بە قەولی مەنسور حکمت " دەرکەوتنی خوێنینی نەزمی نوێی جیهان" لە جەنگی خەلیجدا  بریتی بوو لە " دواکەوتووی سیاسی و ڕۆشبیری و ئەخلاقی کە بەسەر جیاهانیاندا داسەپاند ، نیشانەکانی کە لەبەر دەستدان برتین لە دەخاڵەتی سەربازی  زلهێزەکان ، شۆڤینزمی قەومی، نەژادپەرستی، نیشتمان پەرستی، دەمارگیری دینی، تیرۆریزم و ژۆرنالیزمی درۆزن، ئەمانە ئەو هێزە ڕەشانەن کە سەریان بەرەڵا بووە لەم جەنگەدا، ئەمە تایبەتمەندیە واقعیەکانی ئەو شتەیە پێێ دەڵێن : نەزمی نوێی جیهان کە  دەیەویست شكڵ بگرێ". 

ئەمە ئەو تێگەیشتنە بوو مەنسوری حکمەت لەسەر ئاڵ و گۆرە جیهانیەکانەوە خستیە ڕوو ، جیهان نەک نەبوو بە بەهەشتی سوڵح سەفا و ئازادی بە ڵکو جیهان دابەش بوو بە دەیان کانونی جەنگ و ڕووداوی خوێناوی ئەوەندە خەتەر ناکی بە دوای خۆێدا هێنا مێژووی بەشەریەت دڕندەیی وای بە خۆیەوە نەبینیەوە.  مەنسوری حکومەت باسی لەوەش دەکرد  بە ڕووخانی بلۆکی شەرق بلۆکی غەرب وەک یەک بلۆکی ئابوری سیاسی ئایدیولۆژی زەرورەتی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئێستا کەسێک نیە بتوانی بڵی بازاری ئازاد سەرکەوتوە ئەوەی کە لەسەرەتای نەوەدەکان کەڕەنایان بۆ لێدەدا. بەڵکو موفکرین  ومهندسینی ئەفکاری بۆرژوازی ناتوانن باس لە قەیەرانی سەرمایەداری نەکەن، لە ٢٠٠٨ وە ئەمریکا نوقمی قەیران بووە و تا ئێستاش نەیتوانیوە لێی دەربچێ ئەم قەیرانە سەرتاپای جیهانی داگرتوە. ئەم سەردەمە سەردەمێکە بۆرژوازی بواری لەبەردەمدا نەماوە و شوێنێک نەماوە ڕووی تێبکات و وەک بازاڕێکی تازە جاڕێکی تر سەرمایەداری بتوانێ ڕەنەق بە خۆی بداتەوە.بۆرژوازی توانای چاکسازی نەماوە ، "دەولەتی ڕفاه"ێک لە ئارادە نەماوە و بۆرژوازی ناتوانی قەولی دەوەلەتی ڕفاه بدات. فوقرو و بیکاری و برسێتی و بێ ئەمنیەتی ئابوری لەسەراسەری جیهاندا بێداد دەکات.  ڕەسانەکانی بۆرژوازی زوو زوو باسی شۆڕشی برسیەکان دەکەن. نەک بورژوازی ناتوانێ چاک سازی بکات بەڵکو نەخشە ڕێگای بانقی جیهانی  و سەندوقی پولی جیهانی لە هەموو وڵاتەکاندا بەرنامە ڕێژیە بۆ تەقەشوف و برسی کردن و تایبەتی کردنی دەزگا دەوڵەتیکان  و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان و داسەپاندنی باجی زیاتر بەسەر خەڵکدا دەخەنە بەردەست دەولەتەکان. بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی٢٠١٤ دا ١.٥ ملیار  ئینسان لە هەژاریدا دەژیان تەنها لە ٦٠ وڵاتدا، هەموو نیشانەکان و بەڵگەکان ئەوە پێشان دەدەن ئەم ڕێژەیە ئێستا زۆر زیاتر بووە.

کۆمەڵگەی بەشەری بە شكڵێک شکافی چێنایەتی تێدا قوڵبوەتەوە زۆربەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لەدەستی کەمایەتیەکی کەمدا کۆبوەتەوە کە ١% کۆمەڵگە پێک دەهێنن و باقی کۆمەڵگە بەشێوەک لە بازنەی بەرهەمهێنانی قازانجدا بۆ بۆرژوازی بووەنەتە کرێکارو بەرهەم هێنی زیدەبای و  قازانج ئەم ڕێژەیەش ٩٩% کۆمەلگەیە و بزووتنەوەکەشی بە ناوی خۆیەوەیە و بزووتنەوەیەکی دژی سەرمایەداری یە بە بێ پێچ پەنا. من بڕواناکەم ئێستا ئەو قسەیەی کە گوایە ڕۆبۆت شوێنی کرێکار دەگرێتەوە بتوانی کەس خاوبکاتەوە لە خەباتی چینایەتیدا، بە پێچەوانەوە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک واردی مەیدانی خەبات بوون.

خۆسوتاندنی بو عەزیزی لە تونس یەک دیاردە نەبوو بە ڕوداو لە شوێنێکی جیهاندا ڕوویدابێ، ئەوە پڕشکی ئاگری شۆڕش بوو و سەرتا وا دەزانرا ئەمە دیاردەیەکی ناوچەیی عەرەبیە و  ناویان لێنا بەهاری عەرەبی کە دکتاتۆرەکانی یەک بە دوای یەکدا ڕووخان، بەڵام ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی جیهانی بوو پرشک و چەخماغەی شٶڕش  بوو ، کۆتای هێنا بەوەی کە ئیتر بڵێن شٶڕش نەما یان وشەی شٶڕش بە شەرمەوە بوتری. ئەمە سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو سەردەمی هاتنە مەیدانی ملیون ملیون ئینسان بۆ دەخاڵەت لە چارەنوسی خۆی، بە ڵام ئێستا کوێی جیهان هەیە ڕوو بە ڕووبوونەوەی جەماوەری فراوان نەبێ لە نێوان خەڵک لە مەیدانی " تەحریردا" بە دژی هێزە بۆرژوازیەکاندا.  

بۆرژوازی بەتەواوەتی بن بەستە بێ ئەڵتەرناتیڤە و بێ ئاسۆو ناڕۆشن و موبهەمە. هەر ئێستا جیهانی کێشاوەتە خولقاندنی جەنگی زۆر خەتەر ناک و هێزە دڕندەکانی کەوتونەتە وێزەی خەڵک، بوونی هێزی وەک داعش و ئیسلامی سیاسی کە هیچ کونجێکی ئەم جیهانە نەماوە مرۆڤەکان هەست بە ئاسایش بکەن تێدا بەرهەمی ئەم وەزعەی بۆرژوازیە، بەتایبەتی دوای بەهێز بوونی ئەڵترا ڕاست  و هاتنەسەرکاری ترامپ و سەرهەڵدانی بزووتنەوە فاشستی و ڕاسستیەکانی ئەوروپا و وارد بوونی کۆمەڵگە بە دەورەیەکی سیاسی جیهانی تازەوە بن بەستی بۆرژوازی دەردەخات. لەم ئەوزاعەدا ڕێگا چارەیەک بوونی نەماوە بەغەیری ژێر وژوور کردنی سەرمایەداری و دامەزراندنی سیستمێکی عادل و ئینسانی ئەمەش بە غەیری سۆشێالیزم شتێکی تر نیە، نەک ئێمە مانان بە ڵکو کەسانی وەک بێڵ گەیت ناچار بوون بڵێن تەنها سۆشێالیزم ڕێگا چارەیە.

" فەلاسیفە هەمیشە جیهانیان تەفسیر کردوە، بەلام گرنگ گۆرینێتی" ئێستا لە هەموو کات زیاتر بارودۆخەکە لە بارترە بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم، ئەگەر ئیتر شٶڕسی رزگاری نیشمانی و دژی ئیستعمارو دژی ئیمپریالیزم مایە پوچ بووە و لەلایەکی ترەوە سەرمایەداری نەک گۆڕهەڵکەنانی خۆی هێناوەتە مەیدان بەڵکو چەکیشی  پێ بەخشیون، بەکاربردنی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا جیهانی کردوەتە لادێیەک و هەموو خەلكی جیهانی بەستوەتە یەکەوە و بەکار بردنی فەیس بووک تویتر لە شٶڕشەکانی میسر و تونس ئەمە زۆر بە روونی دەردەخات، بۆیە ئاسانکاریەکی زۆر هەیە بۆ سەرکەوتنی سۆشیالزم و شۆڕشی کرێکاری.

 ئێمە بەشێکین لە هێزی گۆڕێن و ئێمە لەمیدانداین، پێمان وایە گٶڕین و شۆڕش پەیوەستە بە پراکتیکی ئینسانەوە. حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێرا ق شان بە شانی سەدان وملێونان ئینسانی زوڵم لێکراوی عیراق تێدەکۆشی کە کۆتای بە ئەوزاعی عێراق بهێنێت، تێدەکۆشێت بۆ هێنانە مەیدانی چێنی کرێکار بۆ گێڕانی دەوری خۆی بۆ دامەزارندنی جیهانێکی باشتر، جیهانێکی سۆشیالیست و ئێمە پا فشاری دەکەین لەسەر ئەوەی بەبێ ڕێکخراو بوونی حزبی ئەم شٶڕشە بەسەرنجام ناگات و ئێمە شان بە شانی سٶشیالستەکانی جیهانی تێدەکۆشێن و دەمانەوێ هەرچی  زووە شۆرشێ سۆشێالستی زووتر شكڵ بگرێ کۆتایی بە بەربەریەت بهێنێ.

بژی یەکی ئایار ، بژی سۆشیالیزم

وتاری سەمیر نوری

لە مەراسیمی یەکی ئایاری شاری تۆرۆنتۆ

ئایاری،٢٠١٧